شارەوانیی کەلار: سەرەڕای قەیرانی دارایی لە 10 ساڵی رابردوودا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانمان نەوەستاون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی کەلار دەڵێت، لە 10 ساڵی رابردوودا نەیانهێشتووە قەیرانی دارایی گرفت بۆ رەوتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە دروست بکات و لەڕێگەی زیادکردنی داهاتی شارەوانییەوە پڕۆژەکانیان جێبەجیکردوون. دەشڵێت، "نزیکەی 15 هەزار پارچە زەوییان بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران تەرخان کردووە."
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، باسی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە کرد و گوتی، "بە درێژایی ساڵانی رابردوو کە قەیرانی دارایی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، ئێمە هەوڵمانداوە لەڕێگەی زیادکردنی داهاتەوە نەهێڵین پڕۆژەکانمان بوەستێت، لەڕێگەی داهاتی شارەوانی و هاوکاریی وەبەرهێنەران، ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی گرنگمان بۆ شارەکە جێبەجێکردوون."
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی کەلار، هەموو شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە کراون بە دووساید و ئەوانەش کە کۆن بوون نۆژەنکراونەتەوە و بەدرێژایی ساڵانی قەیران، شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا، پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە کەلار نەوەستاوە.
ئەکرەم ساڵح دەڵێت، "لە رابردوودا ژمارەی گەڕەکەکانمان 30 گەڕەک بوون، ئێستا 52 گەڕەکمان هەن. هەروەها لەدوای دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون کە دروست دەکرێن، ژمارەی گەڕەکەکانمان دەگاتە زیاتر لە 80 گەڕەک." گوتیشی، لە ماستەرپلانی نوێی شارەکە کە ئێستا لە وەزارەتی شارەوانییە و بانگەوازی بۆ کراوە، رووبەری شارەکە لە 26 کیلۆمەتر چوارگۆشەوە دەبێتە 106 کیلۆمەتر چوار گۆشە.
لەبارەی تەواوبوونی بەرزەپردی نێوان کەلار و رزگاری و کارکردن لە شەقامی 60 مەتریی کەلار، ئاماژەی بەوەکرد، "ئێستا بەرزەپردی نێوان کەلار و رزگاری لە قۆناخی کۆتاییدایە و رێژەیەکی کەمی قۆناخی دووەمی ماوە، کە بودجەی پڕۆژەکە 3 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە."
ئاماژەی بەوەشکرد، سایدی دووەمی شەقامی 60 مەتریی کەلار، نیوەی کاری تێدا کراوە و لە 6.5 کیلۆمەتری، کاری باشکراوە و نزیکەی چوار کیلۆمەتری قیرکراوە، هەنگاو بە هەنگاو کاری لێدەکرێت کە نزیکەی 13 ملیار و 500 ملیۆن دیناری تێدەچێت.
لەبارەی دروستکردنی کۆڕنیشی سیروان و پردێکی دیکە لەسەر رووبارەکە، ئەکرەم ساڵح گوتی، لەسەر رووباری سیروان، بەدرێژایی 11 کیلۆمەتر بە شەش قۆناخ کۆڕنیشێک لەسەر رووباری سیروان دروست دەکرێت، کە دەبێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری، جگە لە کۆڕنیشەکە، زەوی بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان ئامادە دەکرێت، بەرامبەر زەوییەکان کۆڕنیشەکە بە کۆمپانیاکان دروست دەکرێت.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی کەلار، قۆناخی دووەم و سێیەمی کۆڕنیشی سەر رووباری سیروان هەنگاوی باشی بڕیوە، ئێستا بابەتی قەرەبووکردنەی جووتیاران و خاوەن کارگەکان و رێکارە کارگێڕییەکانی تەواوکردووە. گوتیشی، وەکو پلان پێویستە سێ پرد لەسەر رووباری سیروان هەبێت، "ئێستا ئێمە پردی گردەگۆزینەمان هەیە، لە هەوڵداین پردی دووەمیش دروست بکەین بۆ ئەوەی هەردوو دیوی سیروان بەیەک بگەیێنین".
قەزای کەلار یەکێکە لە ناوچە گەرمەکانی باشووری کوردستانە، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە دەڵێت، ئێستا رێژەی سەوزایی لە کەلار نزیکەی 17٪ دەبێت، بە جۆرێکە زیاتر لە 10٪ـی سەوزایی شارەکە ئەو پارک و باخچانەیە کە لەلایەن شارەوانییەوە دروستکراون و ئەوەی دیکەیشی دارستانی دەستکردی هەژار و باخی رێگەی کەلار- گردەگۆزینەیە.
گوتیشی، ئێستا کار لەسەر دروستکردنی گەورەترین پارکی گشتی دەکەین لە سنووری گەرمیان بە رووبەری 150 دۆنم، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان جێبەجێ دەکرێن و لە قۆناخی تەندەریندایە.
لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەکرەم ساڵح ئاماژەی بەوەکرد، لە سنووری شارەوانیی کەلار دوو ناوچەیان دیاریکردووە بۆ دابەشكردنی زەوی، ناوچەی یەکەم لە بەشی باکووری شارەکەیە و لەسەر رووبەری 8 هەزار دۆنم زەوی نزیکەی 15 هەزار پارچە دەبێت، هەموو رێکارە هونەرییەکان تەواوکراون و تەنیا قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان ماون و چاوەڕێی کشتوکاڵی گەرمیان دەکەن. گوتیشی، لەو 15 هەزار پارچە زەوییە، زەوییە روکنەکان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری دەفرۆشرێت و بەشێکیشی بۆ قەرەبووکردنەوە و ئەوی دیکەش بۆ فەرمانبەران.