یه‌كێتی نوێنه‌ری دیاریكرد بۆ ژووری عه‌مەلیاته‌كه‌ی یه‌كگرتوو
رووداو- سلێمانی
بۆ دروستكردنی ئه‌و ژووره عه‌مەلیاته‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی پێشنیازی كردووه تا گرفتی لایه‌نه سیاسییه‌كانی سه‌باره‌ت به یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان تێیدا چاره‌سه‌ر بكرێت، جگه له گۆڕان چوار لایه‌نه‌كه‌ی دیكه نوێنه‌ریان دیاری كردووه.
محەممه‌د ئه‌حمه‌د یاریده‌ده‌ری ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی له لێدانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئه‌وه‌ی خسته‌روو دره‌نگانێكی شه‌وی رابردوو یه‌كێتی نوێنه‌ره‌كه‌ی بۆ ژووره عه‌مەلیاته‌كه‌یان دیاری كردووه. ئه‌و گوتی "یه‌كێتی كاك رزگار عه‌لی دیاری كرد و ئێستا چاوه‌ڕێی گۆڕان ده‌كه‌ین، نوێنه‌ریان دیاری بكه‌ن، بڕیاره ئه‌مڕۆ 29ی ته‌مموز وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه".
ئه‌و روونیشكردەوە پێشتر پارتی، فازڵ میرانی بۆ ژووره عه‌مەلیاته‌كه دیاریی كردووه‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامیش پێیان راگه‌یاندون كه نوێنه‌ریان ئاماده‌یه. ئه‌و خودی خۆشی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كگرتوو ده‌كات له‌ژووره‌كه‌دا "پێشبینیش ده‌كه‌ین ئه‌مڕۆ گۆڕان نوێنه‌ریان دیاری بكه‌ن، ئه‌گه‌ر فریاكه‌وتین هه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌ست به كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ین".
ئەبوبەکر هەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لایەنە سیاسییەکان لەو ژوورە عەمەلیاتەی کە پێکهێنراوە ئەمڕۆ چوارشەممە 29-7-2015 بەڕێوە دەچێت".
دوای ئه‌وه‌ی لایەنه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌گه‌یشتنه سازان، یه‌كگرتووی ئیسلامی دروستكردنی ژوورێكی عه‌مەلیاتی بۆ گه‌یشتن به رێکكه‌وتنی لایه‌نە سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه راگه‌یاند، به‌ڵام تاوەکو ئێستا روون نییه ئه‌و ژووره لایه‌نه‌كان ده‌گه‌یێنێتە رێكکه‌وتن یان نا، به‌ڵام وه‌ك محەممه‌د ئه‌حمه‌د گوتی "ئه‌گه‌ر نه‌شگەینه رێكکه‌وتن ئێمه هه‌وڵی خۆمان داوه‌و ویژدانمان ئاسوده‌یه".