ئاگری دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئامەد کوژێندرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگرەکەی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان کۆنتڕۆڵکرا کە بووە هۆی سووتانی 20 هێکتار پاوان و دارستان.
ئاگرەکە رۆژی 28ی تەممووزی 2023 لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی ئارکلی سەر بە شارۆچکەی لجێی ئامەدی باکووری کوردستان کەوتەوە و دوای سووتانی پوش و پاوان، گەیشتە بەشێک لە دارستانەکانی سنووری شارۆچکەکە.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خۆیان گەیاندە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکان و دوای چوار کاژێر کارکردن، توانرا ئاگرەکە بکوژێننەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا رایگەیاند، 194 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بە سوودوەرگرتن لە 11 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و 19 شۆڤڵ توانیویانە ئاگرەکە بکوژێننەوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا، 15 هێکتار پوش و پاوان و پێنج هێکتار زەوی دارستانەکان سووتاوە.
ساڵی رابردوو، 203 ئاگر لەدارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە؛ بەو هۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی دارستانەکان سووتا؛ 149 کەس بریندار بوون و سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
لە ساڵی 2021دا ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە و لە ئەنجامدا 178 هەزار هێکتار زەوی دارستانەکان سووتا؛ هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەس برینداربوون.