بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکەوە لە ئاکرێ 19 کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک، پاسێک کە کرێکاری پەتاتەی دەگواستەوە وەرگەڕا و بەو هۆیەوە 19 کەس برینداربوون.
 
رۆژی شەممە، 29ـی تەممووزی 2023، ئازاد تەها، گوتەبێژی هاتووچۆی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "رووداوەکە لە جۆری وەرگەڕان کاژێر 11:45 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ لە سەنتەری شاری ئاکرێ، لەسەر رێی گوندی سمیلان روویداوە و بەهۆیەوە 19 کەس بریندار بوون."
 
پێشتر، نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پاسێک کە کرێکاری پەتاتەی دەگواستەوە، وەرگەڕا و بەو هۆیەوە زیاتر لە 10 کەس بریندار بوون.
 
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ دەڵێت، رووداوەکە لە نزیک عەلوەی ئاکرێ روویداوە و تاوەکو ئێستا 12 کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانە؛ گوتیشی، "تیمەکان بەردەوامن لە گەیاندنی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ." 
 
بەگوێرەی ئاماری هاتووچۆ، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ لە ئەنجامیاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.
 
ئامادەکردن: عوبێد بەشار