لە کەرکووک 150 کەژاوە بەشداری لە عاشوورادا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
کەژاوەی پەیڕەوانی شیعە مەزهەب لە کەرکووک زیادیکردووە و ئەمڕۆش 150 کەژاوە بەشداری لە عاشوورادا دەکەن.
ئەحمەد کهیە، بەرپرسی نوێنەرایەتیی کەژاوەکانی حوسێنییە لە پارێزگای کەرکووک بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "ئەمساڵ زیاتر لە 150 کەژاوەی فەرمی لە پارێزگای کەرکووک تۆمارکراون، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو لە پارێزگاکەدا ژمارەیان 70 کەژاوە بوو".
بەرپرسی نوێنەرایەتی کەژاوەکانی حوسێنییە لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، ئەو کەژاوانە بەسەر شاری کەرکووک و قەزا و ناحییەکانی ئەو پارێزگایە دابەشبوون؛ گوتیشی، ژمارەیەکی دیکەی کەژاوە هەن بە فەرمی لای ئەوان تۆمارنەکراون.
عاشوورا بە 10ی مانگی موحەڕەم دەگوترێت و لای شیعەکان بە رۆژی ماتەمینی دادەنرێت. بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی شیعەکان، لەو رۆژەدا ئیمام حوسێن، کوڕی ئیمام عەلی، بە فەرمانی یەزیدی کوڕی معاویە لە کەربەلا لەگەڵ 73 کەس لە یاوەرانی کوژراوە.
شیعەکان، جگە لە ئێران، لە عێراق، سووریا، لوبنان، هیندستان و پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە بە لەخۆدان و ماتەمگێڕان یادی عاشوورا دەکەنەوە و بە گوتەی خۆشیان، لەخۆدان و ئازاردانی خۆیان لەم رۆژەدا بۆ ئەوەیە پەرۆشییان بۆ ئیمان حوسێن دەرببڕن و لە ئازارەکانی تێبگەن.
150 بۆ 200 ملیۆن پەیڕەوکاری شیعە مەزهەب لە جیهاندا هەن؛ هەموو ساڵێک لە دەیەمین رۆژی مانگی موحەڕەمی کۆچی یادی کوژرانی حوسێنی کوڕی عەلی، سێیەم ئیمامی شیعەکان دەکەنەوە.