لە زانکۆی سەلاحەدین بەشی گوتارخوێنی دەکرێتەوە؛ کچ و کوڕ دەتوانن بەشداربن
رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر، بەشێکی نوێ بەناوی "گوتارخوێنی و راگەیاندنی ئایینی" دەکرێتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت: "بۆ هەرد و رەگەزە".
کردنەوەی بەشەکە فەرمانی زانکۆیی بە ژمارە 7768 بۆ دەرکراوە و پشتی بەستووە بە نووسراوی ژمارە 8220ـی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان.
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشەکە تایبەتە بە ئایینیی ئیسلام و رەزامەندی یەکێتیی زانایانی ئایینیشی بۆ وەرگیراوە، هەردوو رەگەزیش دەتوانن داواکاریی پێشکێش بکەن".
تاوەکو ئەمڕۆ گوتاربێژی ئایینیی مزگەوتەکان تەنیا پیاوانن. سامان عەبدوڵڵا دەڵێت: "لە داهاتوودا دەرچووانی بەشەکەمان پیاوان دەتوانن ببنە گوتاربێژی مزگەوتەکان، بەڵام ئافرەتان ناتوانن بچنە سەر مینبەر و تەنیا لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شاشەکانی راگەیاندنەوە دەتوانن گوتاری ئایینیی پێشکێش بکەن".
زانکۆی سەلاحەدین لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە بەشەکەدا جەخت دەكرێتەوە لەسەر ئامادەكردن و راهێنانی گوتاربێژی سەركەوتوو لە گوتاری ئایینی و شارەزا لە راگەیاندن، بە جۆرێك پارێزگاری لە برایەتی و پێكەوەژیان لەنێو كۆمەڵگە و دەزگاكانی راگەیاندن بکات".
زانکۆکە ئاماژەی بەوە کردووە: "تێكەڵكردنی گوتاری ئایینیی بە راگەیاندن هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندی پتەویان هەیە لەگەڵ گوتاری ئایینی و گوتاری رۆژی هەینی. گرنگە مامۆستای ئاینی ئاشنا بێت بە راگەیاندن و چۆنیەتی كاركردن لەگەڵی و خۆپاراستن لە هەواڵی نادروست و كاریگەربوون بە سایتە ساختەكان".
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی زانکۆی سەلاحەدین: "ئێستا كەسانێكی ناشارەزا لە ئایین و دوور لە پسپۆڕییەكانی زانستە ئیسلامیییەکان لە دەزگاكانی راگەیاندن بەرنامەی ئایینی پێشكێش دەكەن، یان لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان گوتاری ئایینی ئاراستە دەكەن، ئەمەش كاریگەریی خراپ لەسەر تاك و كۆمەڵگە دروست دەكات".
زانکۆی سەلاحەدین مەرج و رێکارەکانی وەرگرتنی لەو بەشە بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:
- دهرچووانی لقهكانی (وێژهیی، زانستی، ئامادهیی ئایینی، پهیمانگەی ئهزههر، پهیمانگەی پێشنوێژ و گوتار خوێنی) مافی پێشكێشكردنیان هەیە.
- نابێت له (30) ساڵ زیاتر بێت بۆ خوێندنی راستهوخۆ، له (40) ساڵ زیاتر بێت بۆ خوێندنی پارالێل
- 40% بۆ دهرچووانی لقهكانی (وێژهیی و زانستی)یە.
- 60% بۆ دهرچووانی لقی ئاینی و پهیمانگەی پێشنوێژ و گوتارخوێنییە.
- پێشکێشکردن له رێگهی وهرگرتنی فۆرم دهبێت له تۆماری كۆلێژ، لە كۆلێژی زانسته ئیسلامییەکان.
- مهرجه قوتابی پێشكێشکار له تاقیكردنهوه و چاوپێكهوتن دهربچێت.
- پێشكێشکارانی لقهكانی وێژهیی و زانستی دهبێت زانكۆلاینیش پڕبكهنهوه.
- دەبێت لە سێ رۆژدا فۆرمی وەرگرتن بگەڕێندرێتەوە هەمان کۆلێژ.
- دواكات بۆ پێشكێشکردن 10ـی ئابی 2025ـە.
- ئهنجامدانی چاوپێكهوتن له 12-08-2025 کاژێر 09:00ـی بەیانی دەبێت.
- ئهنجامدانی تاقیكردنهوه له 13-08-2025 کاژێر 10:00ـی بەیانی دەبێت.
- قوتابی دهبێت نیو كاژێر پێش دهستپێكردنی تاقیكردنهوه و چاوپێكهوتن ئاماده بێت.
زانکۆی سەلاحەدین ساڵانە 6 بۆ 7 هەزار دەرچووی قوتابییانی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بە گوتەی سامان عەبدوڵڵا، ئەم ساڵیش هەمان پلانیان بۆ وەرگرتن هەیە.
زانکۆی سەلاحەدین لە 16 کۆلێژ و 86 بەشی ئەکادیمی پێکدێت، ژمارەی خوێندکارانی نزیکەی 25 هەزار خوێندکارە و نزیکەی دوو هەزار قوتابی خوێندنی باڵاشی هەیە.