پۆلیسی سلێمانی: بکوژی هاونیشتمانییەکەی سەیدسادق کوڕی خۆیەتی


رووداو دیجیتاڵ

دوای پێنج رۆژ لە کوشتنی هاونیشتمانییەک لە سنووری قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، پۆلیس رایگەیاند، بکوژەکە کوڕی کوژراوەکەیە.
 
24ـی تەممووز، لە نزیک گوندی تەپەڕەش لە قەزای سەیدسادق هاونیشتمانییەک کوژرا. ئەوکات پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوتبوو: "کوڕی کوژراوەکە گوتوویەتی، باوکی کێشەی لەگەڵ بکوژەکاندا هەبووە".
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو خێزانە بۆ کاری مەڕداری چوونەتە سنوورەکە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت بکوژی پیاوەکە کوڕەکەی خۆی بووە".
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "کوڕەکە لەگەڵ باوکی کێشە و دەمەقاڵێیان هەبووە و دواتر ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە".
 
هەر ئەمڕۆ پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: "دوای رووداوەکە توانرا دوو كەس بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكە دەستگیربكرێن، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردەوام بوو و بەڵگەی پێویست كۆكرایەوە تاوەکو گەیشتە ئەو ئەنجامەی یەكێك لە تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان کە تاوانەكەی کردووە، کوڕی تاوانلێکراوەکەیە".
 
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی (ك، ب، ق)ە و لە دایكبووی 2001ە، بە بڕیاری دادوەر راگیراوە.