سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمان: مانگی داهاتوو پرۆسەی خوێندن دەستپێناكاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیێنێت، لە مانگی ئەیلوولدا پرۆسەی خوێندن لە هیچ قۆناخێكی خوێندن دەست پێناكاتەوە، بۆ پرۆسەی خوێندنی لە زانكۆ و پەیمانگەكانیش سیستەمی ئاوێتە بە گونجاو دەزانێ، كە خوێندنە بە هەر دوو شێوازی ئەلیكترۆنی و ناو كامپەسی زانکۆکان بێت.
عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەكانیان لە مانگی ئەیلوول پرۆسەی خوێندن دەستپێناكات، دەشڵێت "ئامادەكاریی باش بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن نەكراوە، جگە لەوە هێشتا بەشێك لە بەشە ناوخۆییەكان وەك نەخۆشخانە بەكاردەهێندرێن".
سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان باس لەوەش دەكات، بۆ خوێندنی قۆناخەكانی بنەڕەتی و ئامادەیی باشترین چارەسەر، كردنی پۆلەكانە بە دوو گرووپ هەر گرووپەش سێ رۆژ دەوام بكات، بۆ زانكۆ و پەیمانگەكانیش سیستەمی ئاوێتە بە گونجاو دەزانێ و دەڵێت "ئەو سیستەمە تێكەڵەیەكە، بەو جۆرەی بەشێك لەوانەكان بە ئەلیكترۆنی دەخوێندرێن و تاقیكردنەوەكان و بەشێك لەوانە پراكتییەكانیش لەناو زانكۆ و پەیمانگەكان".
بە گوتەی عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، ئێستا عێراقیش بڕیاریداوە بەو جۆرە خوێندنی زانكۆ و پەیمانگەكان لە 6-12 دەستپێبكات.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان بۆ چۆنیەتی دەستپێكردنی دەوام لە ساڵی نوێی خوێندن كۆدەبێتەوە، سەبارەت بە وەزارەتی پەروەردەش هێشتا دیار نییە كەی ئەوە یەكلای دەكاتەوە و ساڵی نوێی خوێندنی 2020 بۆ 2021 كەی دەستپێدەكاتەوە.
زانیاریی زیاتر لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن:
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین: بژارەی بەردەممان دەستپێکردنی خوێندنە بە رێگەی ئاوێتەسەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین: بژارەی بەردەممان دەستپێکردنی خوێندنە بە رێگەی ئاوێتە روونیدەکاتەوە خوێندنی ئاوێتە چۆن دەبێت
Posted by Rudaw on Saturday, August 29, 2020