سەفین دزەیی: عێراق بۆ وەرگرتنی 1.5 ملیار دۆلار لە تورکیا، زیانی 5 ملیار دۆلاری لە ئێمە و خۆی داوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریسەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی عێراق لەلایەن تورکیاوە بە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار، حکومەتی عێراق زیانی پێنج ملیار دۆلاری لە خۆی و هەرێمی کوردستان داوە.
رۆژی سێشەممە 29ی ئابی 2023 سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، تورکیا لەگەڵ ئەوەدایە "نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە؛ بێگومان هەرێمی کوردستانیش زۆر پەرۆشە. بەغداش بە فەرمی باس لەوە دەکات کە ئامادەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوی کرداری نەنراوە."
لەبارەی کۆبوونەوەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەغدا و هەولێر لە رۆژانی 23 و 24ی مانگ، سەفین دزەیی گوتی، "پێویست بوو دیدی بەغدا، ئەنقەرە و هەولێر لەیەکەوە نزیک ببنەوە. ئەو کۆبوونەوانەی کراون بۆ ئەوە بوون بۆچوونەکان لە یەکتر نزیک ببنەوە بۆئەوەی ئەو ئاستەنگانەی هەن ئەگەر سیاسی، تەکنیکی، مادی یان کارگێڕی بن، نەمێنن و دووبارە بتوانین نەوت هەناردە بکەینەوە. بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراقیش دەبێت هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتە هەناردە بکات کە بۆی دیاریکراوە و رۆژانە 400 هەزار بەرمیلە."
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "جێگەی سەرنجە کە دوای بڕیاری دادگەی پاریس کە پێویست بوو تورکیا نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار وەکو قەرەبوو بداتە عێراق. عێراق زیانی پێنج ملیار دۆلاری لە خۆی و هەرێمی کوردستان داوە، ئەویش بەهۆی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لە مانگی ئادارەوە و پێنج ملیار دۆلار زیانمەند بووین. لۆژیکی نییە بۆ وەرگرتنی ملیار و نیوێک، پێنج ملیار لەدەستبدەیت."
بڕیارەکەی مانگی ئاداری دادگەکە، کە بووە هۆکاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ دەرەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت حکومەتی تورکیا 1.5 ملیار دۆلار بداتە عێراق، ئەوەش وەکو قەرەبووی ئەو زیانەی لەو وڵاتەی داوە لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بێ رەزامەندیی بەغدا لە ساڵانی 2014-2018.
حکومەتی عێراق سکاڵایەکی دیکەی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی نێوان 2018 – 2022 تۆمارکردووە و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، تورکیا بێزاریی خۆی گەیاندووەتە عێراق سەبارەت بەو داوایە و تورکیا بە عێراقی راگەیاندووە، "ئێوە لە کاتێکدا داوا دەکەن رێگە بدەین بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتدا سوورن لەسەر جووڵاندنی سکاڵایەکی دیکە لەسەر هەناردەکردن"ی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان 2018 – 2022.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا سەفین دزەیی گوتی، رێککەوتن و کۆبوونەوەی زۆر لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە و لە رووی قسەوە "هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام لە رووی کردارییەوە کێشەکان ماون."
دزەیی ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و دوایین زانیارییەکانی کۆبوونەوەکانی هەولێر و بەغدا لەلایەن شاندی هەرێمی کوردستانەوە دەخرێنەڕوو. گوتیشی، "هیوادارین نەگات بەوەی زیاتر لە یەک دووربکەوینەوە".