فەوزی هەریری: بۆ چۆنێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆن کۆدەبینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگی داهاتوو بۆ چۆنێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبنەوە.
 
رۆژی سێشەممە 29ی ئابی 2023 فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوام لەسەر هێڵن و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی پێویست بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردوویانە.
 
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "هەفتەی داهاتوو یان مانگی داهاتوو، سەردانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەکەین یان میوانداریی ئەوان دەکەین بۆئەوەی خۆیان بڕیار بدەن بە چی شێوەیەک ئەو کارە [بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان] جێبەجێ دەکەن."
 
رۆژی 3ی ئابی 2023 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "دڵنیاتان دەکەمەوە هەموو لایەنەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو رۆژەدا یەکدەنگن."
 
لەبارەی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کورستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، فەوزی هەریری گوتی، "ئەوەی بەغدا دەیکات ناڕەوایە و ناهەقییە."
 
ئەم گوتەیە لە کاتێكدایە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووزیان وەرنەگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی عێراق مووچەی مانگەکانی ئابیشیان وەرگرتووە.