ژمارەیەک جووتیارانی رانیە دژی گۆڕینی رەگەزی زەوییەکانیان گردبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە جووتیارانی رانیە دژی گۆڕینی رەگەزی زەوییەکانیان لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون گردبوونەوە و دەڵێن، ''زەوییەکانمان بەپیتن و گەنجینەی ئەو شارەن، ئامادەین لێمان بستێنرێنەوە بەڵام هەر بە شێوەی کشتوکاڵی بمێننەوە.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-08-2024، ژمارەیەک جووتیار لە بەردەم شارەوانیی رانیەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گردبوونەوە و دژی گۆڕینی رەگەزی زەوییەکانیان لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون ناڕەزاییان دەربڕی.
زریان عەبدوڵڵا، نەوێنەری جووتیارانی کەرتی بۆسکین و سەیداوەی شارەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''ئێمە نزیکەی 300 جووتیارین کە خاوەنی هەزار و 500 بۆ دوو هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی بەراوی بەپیت و نایابین.''
بەپێی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008، ''دامەزراندن و بنیادنانی هەر چالاکییەکی پیشەسازی، بازرگانی یان خزمەتگوزاری لەسەر زەویی کشتوکاڵی قەدەخەیە.'' زریان عەبدوڵڵا گوتی، ''زەوییەکانی ئێمە نەرمەڵانی رەشن و بۆ نیشتەجێبون شیاو نین، داوا لە هەموو بەرپرسان دەکەین بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدەن ئەو زەوییە بەپیتانە بۆ نیشتەجێبوون بەکاربهێنن، لەبەر ئەوەی خاکەکەیان نموونەیە.''
بەگوتەی ئەو جووتیارە، دۆنمێک لەو زەوییانە، نزیکەی دوو هەزار و 500 کیلۆگرام گەنم بەرهەم دەهێنێت، ''کە بەپێی رووبەری زەوییەکان، پێداویستیی گەنمی دانیشتووانی رانیە بە تەواوی دابین دەکات.''
بەگوێرەی جووتیاران، ئەو زەوییانە کراونەتە بەشێک لە پلانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا. زریان عەبدوڵڵا گوتیشی، ''جووتیاران و خاوەن زەوییە بەپیتەکان قەرەبوویان ناوێت، تەنانەت ژمارەیەکیان چوونەتە ژێرباری ئەوەی کە زەوییەکانیان لێ بستێنرێتەوە، بەڵام بە کشتوکاڵی بمێننەوە، چونکە ئێمە پێمان وایە ئەم زەوییانە گەنجینەی ئەو شارەن.''
زەوییەکان دەکەونە رۆژهەڵاتی شاری رانیە و بەشێکی زۆریان تاپۆن. جووتیاران دەڵێن، حکومەت زەوییەکانی ئەوان دەداتە فەرمانبەران، لەکاتێکدا زەویی کشتوکاڵی و باخن.
27ـی ئاداری ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون، لەگەڵ خانەنشینان.
بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە، ئەو هاونیشتمانییانەش دەگرێتەوە کارتی زانیارییان سنووری مادەی 140ـی دەستووری عێراقە.