ئۆتۆمبێلێک و هێلیکۆپتەرێک لە چیای ئەزمڕی سلێمانی کەوتنە خوارەوە؛ کەسێک گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە چیای ئەزمڕی سلێمانی، ئۆتۆمبێلێک دەکەوێتە خوارەوە و شۆفێرەکەی گیان لەدەست دەدات؛ دواتر هێلیکۆپتەرێک بۆ دەرهێنانی تەرمەکە دەچێت، بەڵام بەهۆی سەختیی شوێنەکە، ئەویش دەکەوێتە خوارەوە و دوو سەرنشینی بریندار دەبن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، شەوی پێنجشەممە 28-08-2025 ئۆتۆمبێلێک کە لە گوندی خەمزەی سەر بە شارباژێرەوە ویستوویەتی بگەڕێتەوە سلێمانی، لە چیای ئەزمڕ تووشی رووداوێک بووە و بەوهۆیەوە هاونیشتمانییەک بە ناوی ئەحمەد رەسووڵ عیسا گیانی لەدەستداوە.
 
ئێستا تەرمی شۆفێرەکە هێندراوەتە خوارەوە و براوەتە دادپزیشکیی سلێمانی، دوو بریندارەکەش گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، پیاوێکە بەناوی ئەحمەد شێخ رەسوڵ و 52 ساڵانە.
 
کەسوکاری ئەحمەد تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە رووداوەکەیان نەزانیوە. قودسی یەکێک لە کەسوکاری هاونیشتمانییەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: ''نیوەڕۆ کە چووینە سەری، بەداخەوە گیانی لەدەستدابوو. شوێنەکە زۆر سەخت بوو و ناچار بووین بۆ ئەوەی تەرمەکە بهێنینەخوارەوە، تیمێکی فڕۆکەوانی ئاگادار بکەینەوە''.
 
بەگوتەی قودسی، لەکاتی بردنەخوارەی تەرمەکەدا، هێلیکۆپتەرێک کێشەی بۆ دروستبووە و کەوتووەتە خوارەوە کە دوو کەسی تێدا بووە و هەردووکیان بریندار بوون.
 
 
کەسوکارێکی ئەحمەد شێخ رەسوڵ، ئەو شۆفێرەی گیانی لەدەستدا، بە رووداوی گوت، "کاک ئەحمەد ژیانی هاوژینی پێکنەهێنابوو، لە بورجەکانی ئەزمڕ دەوامی دەکرد".
 
لەبارەی سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە، کاپتنێک و دوو یاریدەدەری تێدا بووە؛ عەمید حوسێن، لێپرسراوی تیمی فڕۆکەوانیی سلێمانی کاپتنی ئەو هێلیکۆپتەرە بوو کە تێکشکا، خۆی و کەسێکی هاوەڵی بریندارن.