وشکەساڵییەکی بێوێنە لە شارباژێڕ؛ کشتوکاڵ و گەشتیاری نزیکبوونەتەوە لە سفر
رووداو دیجیتاڵ
وشکەساڵییەکی بێپێشینە ناوچەی شارباژێڕی گرتووەتەوە و زیانێکی گەورەی بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و سرووشتی ناوچەکە گەیاندووە. رەز و باخەکان وشک بوون، سەرچاوەکانی ئاو قەترەیان لێبڕاوە و دانیشتووانی ناوچەکەش نیگەرانن لەو دۆخە.
مام عومەر محەممەد، یەکێک لە جووتیارەکانی گوندی هەرمنی لە شارباژێڕ، لەنێو رەز و باخە وشکبووەکەیدا دەڵێت، لەوەتەی لەبیری بێت، وشکەساڵی و بێئاوی لەو شێوەیەی نەبینیوە. ئەو دەڵێت: "هەرچیمان هەیە وشک بووە. بێئاوی، ترێ و چوالە و هەرمێیەکەی هەموو وشک کردووین. تەنانەت ئاومان نییە بیدەین بە ئاژەڵەکانمان."
یەکێک لە دیمەنە هەرە دڵتەزێنەکان، وشکبوونی چەمی سەرکەفەی گوندەکانی سنکێ و واژەیە. جیاوازیی نێوان وێنەکانی ئەم ساڵ و ساڵی پار، چیرۆکی کارەساتە ژینگەییەکە دەگێڕێتەوە؛ ئەو چەمەی کە جاران بە کەف و هاژە و خێرایی ئاوەکەی ناسرابوو، ئێستا بووەتە زەوییەکی وشک و رەق و تینوو.
عوسمان حەسەن، ئەنجوومەنی گوندی سنکێ، کە بە قسەی خۆی لە باپیرانییەوە نەیبیستووە ئاوی چەمەکەیان وشک ببێت، دەڵێت: "دڵمان ئازاری پێدەگات کاتێک دەبینین ئەو هەموو باخ و چەم و ئاوەمان وشکی کردووە." بێئاوی خەریکە ئاوەدانیی گوندەکانیان ناهێڵێت.
ئەو دیمەنە دڵڕفێنەی سەرکەفە کە رۆژانێک ناوچەکەی بە گەشتیاران ئاوەدان کردبووەوە، ئەم ساڵ بەهۆی وشکبوونی چەمەکەوە، ژمارەی گەشتیار بۆ نزیکەی سفر دابەزیوە. عەبدوڵڵا، دانیشتووی گوندی واژە، باس لەوە دەکات: "ئێرە جمەی دەهات لە گەشتیار، بەڵام بێئاوی هیچی نەهێشتەوە."
جگە لە زیانی کشتوکاڵی و گەشتیاری، وشکبوونی ئەو چەمە بووەتە هۆی لەناوچوونی سەدان ماسی، کە بەهۆی تینوێتییەوە خنکاون.
زیاتر لە 20 گوند بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری پشتیان بە ئاوی ئەو چەمە بەستبوو. ئێستا دانیشتووانەکەی بۆ دابینکردنی ئاو، پەنا بۆ لێدانی بیر و کڕینی ئاو بە تانکەر دەبەن، کە ئەوانیش بە ئاسانی دەستناکەون. دانیشتووانی ناوچەکە هاوڕان لەسەر ئەوەی شارباژێڕ هەرگیز وشکەساڵیی وا تاقەتپڕوکێنی بەخۆیەوە نەبینیوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هێشتا هیوا ماوە. هەمووان چاویان لەوەیە زستانێکی تەڕ و باراناوی بەدوای ئەم وشکەساڵییەدا بێت، بۆ ئەوەی تینوێتیی زەوی بشکێنێت و ژیان جارێکی دیکە بۆ ئەو ناوچە جوانە بگەڕێنێتەوە.