قایمقامی پێنجوێن: 2 گەنجی خۆبەخش لەکاتی هەوڵدانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە ناوچە شاخاوییەکانی دوو گوندی سنووری پێنجوێن دەسووتێت.
 
ئەمڕۆ هەینی هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوێنێوە ئاگرێکی گەورە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری هەردوو گوندی هەڵاڵاوا و مەسۆ کەوتووەتەوە، کە بەهۆیەوە هەزاران دۆنم لە پووش و پاوان و دارستان سووتاون."
 
هێمن ئیبراهیم گوتی، "دوێنێ ئێوارە لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و هاونیشتمانییە خۆبەخشەکانەوە، توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە هەمان سنوور ئاگرەکە سەریهەڵدایەوە."
 
بە گوتەی قایمقامی پێنجوێن، دوو گەنجی خۆبەخش لەکاتی هەوڵدانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بریندار بوون، رەوانەی سلێمانی کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و ئێستا "دۆخیان باشە."