دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد نەکراون "کەسوکاریان دەتوانن سەردانیان بکەن"

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 150 پاسەوان و چەکداری هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون و تاوەکو ئەمڕۆ کەسیان ئازاد نەکراوە.
 
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی)، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ئازاد نەکراوە، ئەوە پێویستی بە بڕیاری بەڕێز دادوەر دەبێت".
 
گوتەبێژی دەزگەی ئاسایش ئاماژەی بەوەشكرد، لە رۆژانی رابردوو ژمارەیەک لە کەسوکاری دەستگیرکراوان لە زینداندا سەردانیان کردوون. گوتیشی: "رۆژانی داهاتوو سەردان بەردەوام دەبێت بۆ بەشێکی دیکەی دەستگیرکراوان".
 
لە شەڕەکەی بەرەبەیانی 22ـی ئابدا، بە فەرمی کوژرانی پێنج کەس راگەیێندراوە؛ 3 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و دوو ئەندامی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی. هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ رووداوی ئاشکرا کرد کە لە شەڕەکەدا 12 کەسی سەر بە هێزەکانی لاهوور شێخ جەنگی کوژراون.
 
پێکدادانەکەی 22ـی ئاب لە لالەزار دوای زیاتر لە سێ کاژێر شەڕکردن، بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و براکەی و ئەندامانی هێزەکەی کۆتایی هات.
 
بە گوێرەی دەستەی مافی مرۆڤ 162 کەس کە وەکو ئەندامی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی ناسێندراون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.