حوسێن یەزدانپەنا: دوو پێشمەرگەمان بێسەروشوێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان رایگەیاند، لە بۆردوومانەکانی دوێنێدا، دوو پێشمەرگەیان بێسەروشوێنن و گومان دەکەن لەژێر داروپەردووی بنکە خاپوورکراوەکاندا بن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-09-2022 حوسێن یەزدانبپەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان - پاک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بۆردوومانەکەی دوێنێی ئێراندا بۆسەر بنکە و بارەگاکانیان، "هەشت پێشمەرگە شەهید بوون و دووی دیکەش بێسەروشوێنن."
 
سەرۆکی پاک ئاماژەی بەوەش کرد، "گومان دەکرێت ئەو دوو پێشمەرگەیە کەوتبنە ژێر داروپەردووی بارەگا خاپوورکراوەکان، بۆیە ئەمڕۆ زۆر بە چڕی بەدوایاندا دەگەڕێین."
 
رۆژی چوارشەممە 28ی ئەیلوول ئێران بنکە و بارەگای چەند حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە سنووری شێراوە لە باشووری هەولێر لە نزیک ناحیەی پردێ، زڕگوێز لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرد و لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش برینداربوون، کە برینی 10یان سەختە.