کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات پلەی گەرما 4 بۆ 6 پلە دابەزێت


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت سبەی شەممە پلەی گەرما چەند پلەیەک دابەزێت. کەشناسێکیش دەڵێت، دابەزینی پلەی گەرما لە دهۆک و هەولێر زیاتر دەبێت لە سلێمانی و هەڵەبجە.

لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەممە، 30-9-2023، ئەمڕۆ هەینی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێكدا ئاشکرای کرد، پێشبینی دەکرێت سبەی پلەی گەرما 4 پلە بۆ 6 پلە بەراورد بە ئەمڕۆ دابەزێت و کەشوهەوا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەزینی پلەی گەرما بەگوێرەی ناوچەکان دەبێت. سبەی لە سنووری دهۆک و هەولێر، پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت بەراورد بە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان".
 
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەکرد، پێشبینی دەکرێت رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023، و دووشەممە، 2-10-2023، پلەی گەرما زیاتر دابەزێت. گوتیشی، "ئەمڕۆ دوایین رۆژە گەرمەکانی ئەمساڵ بوو، هەولێر 38 پلەی تێدا تۆمارکرا؛ ئەمساڵ جارێکی دیکە ناگاتەوە بەو پلەیە".
 
لەبارەی ئەگەری بارانبارینەوە، ئەو شارەزایەی کەشوهەوا دەڵێت، رۆژانی 2، 3 و 4ـی مانگی داهاتوو ئەگەری بارانبارین هەیە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.
 
بەگوێرەی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر؛ 34 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 30 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 32  پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 35 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 32 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 34 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 19 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 30  پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 36 پلەی سیلیزی