پارتی لە کەرکووک: وەرگرتنەوەی بارەگاکانمان پەیوەندی بە کاری دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی پارێزگاکەوە نییە


رووداو دیجیتاڵ 

مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دەڵێت، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک بە لێدوانی "تووند و پووچەوە" دەرکەوتووە بە مەبەستی لێدان لە حیزبەکەیان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "وەرگرتنەوەی بارەگای فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ پەیوەندی بە کاری دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی نێو پارێزگاکەوە نییە".
 
رۆژی هەینی 29ـی ئەیلوولی 2023، بەشی راگەیاندنی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە هەموو کاتێکدا پارێزگاری بە زۆر بە سەر هاووڵاتییانی کەرکووکدا سەپێنراو لە هەندێک موزایەدەی بۆشدا کە لای هەمووان ئاشکران، بە زنجیرەیەک لێدوانی دوور لە راستی و بێ سادەترین پێوەرەکانی لۆجیک دەردەکەوێت، لە کاتێکدا خەڵکی هۆشمەند و خاوەن پرەنسیپی رەسەن لە گشت پێکهاتەکانی پارێزگاکە لە هەوڵی بێوچاندان بۆ پاراستنی ئاشتی، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی ئاشووب. ئەو پارێزگارە کە بە زۆر و ساختە بە سەر کەرکووکدا سەپێنراوە بە لێدوانی تووند و پووچەوە دەردەکەوێت، وەک هەوڵێک بۆ لێدان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و لە رێگەی ئەو لێدوانانەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بوختان و قسەڵۆک دەدات کە سادەترین پێوەرەکانی لۆجیکیان تێدا نییە".   
 
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتیدا هاتووە، "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، سوپا، لایەنە جۆراوجۆرەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان نووسینگە و بنکەی سەربازی و بارەگای ئەمنییان هەیە کە لە هەموو شوێنێکی شارەکەدا بڵاو بوونەتەوە؛ هەروەها ژمارەیەک گرووپی چەکدار بە بوونی چەکدارانەیان لەنێو پارێزگاکەدا دەستوور پێشێل دەکەن. لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیشدا کۆمەڵە هەنگاوێک هەن بۆ رێکخستنی دۆخی دۆسیەی ئەمنی بە هاوکاریی تەواو لەگەڵ گشت پێکهاتە رەسەنەکان لە شارەکەدا، لەبەر ئەمە، وەرگرتنەوەی بارەگای فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی نییە بە کاری دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی نێو پارێزگاکە و نابێت هەردوو دۆسیەی ئەمنی و سەربازی تێکەڵ بە یەک بکرێن، بە تایبەتی لە پارێزگایەکی هەستیاری وەک کەرکووک".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پارتی، "وەرگرتنەوەی بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زامنکردنی کاری ئازادانەی حیزبی و سیاسی، مافێکە دەستوور، یاسا و هەموو نەریتە سیاسییەکان دەستەبەری دەکەن و دۆسیەیەکی جودایە لە دۆسیەی دۆخی ئیداری و ئەمنیی پارێزگاکە".
 
مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی رایگەیاندووە، "ئەم لێدوانە نابەرپرسانانەی پارێزگاری بەزۆر و ساختە سەپێنراو تەنیا هەوڵی رقاوی و بێهوودەن و ئەو ئەجێندا گوماناوییانەی لە پشتیانەوەن لای هەمووان ئاشکران. ئەو بەرژەوەندییە کەسییە تەسکانەشی هەوڵی رێگری لە پێشکەوتن بەرەو چارەسەری هەمیشەیی لە کەرکووک نوێ نین و لای کەس شاراوە نین".
 
هەفتەی رابردوو راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک رایگەیاند، "کەرکووک تەنیا دڵی عێراقە و هیچ دروشمێکی دیکە راناگرێت"؛ راشیگەیاند، پارتی پێداگیری کردبوو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان چۆڵبکرێت و ئامانجیشیان تەنیا دوورخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان بوو.
 
جبووری ئاماژەی بەوەشکردبوو، بڕیاری رادەستکردنەوەی بارەگاکان بە پارتی دیموکراتی کوردستان نوێ نییە و لە سەردەمی حکومەتی عادل عەبدولمەهدیشدا هەمان بڕیار درا و دواتر جێبەجێ نەکرا، چونکە "خەڵک دژی مانگرتنیان راگەیاند."
 
لە 27ـی ئابی 2023 بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتی دیموکراتى کوردستان بوون لەو شارە کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
 
بەهۆى ئەو رێگە داخستنەوە، رۆژی 2-9-2023 ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و چوار خۆپێشاندەر بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 16ـی کەسی دیکەش برینداربوون.