لە 6 مانگدا لە ئیلام دەست بەسەر 27 تۆن گۆشتی تێکچوودا گیراوە


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی تەندروستیی پارێزگای ئیلام دەڵێت، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاویدا، دەست بەسەر 7 تۆن گۆشتی ماوەبەسەرچوودا گیراوە.
 
حوسێن ئیبراهیم پوور رایگەیاند، لیژنەکانیان لە 21-03-2025ـەوە تاوەکو 21-09-2025، سەردانی زیاتر لە 34 هەزار کۆگە، مارکێت و دووکانیان کردووە و دەستیان بەسەر 7 هەزار و 417 کیلۆگرام بەرهەمی گۆشتی ماوەبەسەرچوودا گرتووە.
 
بەگوتەی حوسێن ئیبراهیم پوور، هەر لەو ماوەیەدا، لە سەربڕخانە و گۆشتفرۆشەکانیش دەست بەسەر 20 هەزار و 584 کیلۆگرام گۆشتی سوور و مریشکی تێکچوودا گیراوە.
 
وەک بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی تەندروستیی پارێزگاکە گوتی، لە چوارچێوەی سەردانەکانیاندا، بە نووسراو هۆشدارییان بە 722 شوێنی فرۆشتنی گۆشت و بەرهەمە گۆشتییەکان داوە و 135 شوێنی سەرپێچیکاریش رادەستی یاسا کراون.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ڤێتێرنەریی ئیلام، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، 7 هەزار و 483 سەر ئاژەڵی بچووک و گەورە لە سەربڕخانەکانی پارێزگاکە سەر بڕاون.
 
هەر لەو ماوەیەدا، یەک ملیۆن و 357 هەزار و 810 مریشکیش لە سەربڕخانەکانی ژێر چاودێریی لیژنەکانی تەندروستی، سەر بڕاون.