نێچیرڤان بارزانی: هەمیشە پارێزەری ماف و ئازادییەکانی هەمووان دەبین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتيى ئاشوورى و ژماره‌يه‌ك له‌ مه‌ترانه‌كانى ئه‌و كه‌نيسه‌يه‌ له‌ كوردستان، عێراق و جيهان کۆبووەوە و دۆخی کەنیسەکە و پەیڕەوانی تاوتوێ کرا. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، هەمیشە پارێزەری ماف و ئازادییەکانی هەمووان دەبن.
 
پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29ی ئەیلوولی 2025 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیی له‌ پاتريارك مار ئاوا، پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتيى ئاشوورى و ژماره‌يه‌ك له‌ مه‌ترانه‌كانى ئه‌و كه‌نيسه‌يه‌ له‌ كوردستان، عێراق و جيهان كرد.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دۆخى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتيى ئاشوورى و په‌يڕه‌وانى له‌ هه‌رێمى كوردستان، عێراق و جيهان تاوتوێ كرا؛ هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌سه‌ر ره‌وشى پێكهاته‌ ئايينييه‌كان، ئازادييه‌كان و به‌تايبه‌تى ئازاديى ئايينى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق.
 
پاتريارك مار ئاوا باسى له‌ كۆنفرانسى‌ یادی 1700 ساڵەی (کۆمەڵەی نیقییە) كردووە، كه‌ ماوه‌ى سێ رۆژى رابردوو له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام درا، هه‌ریەک له‌ مه‌ترانه‌كانیش پووخته‌يه‌كیان ده‌رباره‌ى كه‌نيسه‌كه‌يان له‌ وڵاتانى جيهان خسته‌ڕوو، ستايشى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستانيان كردووە، ئەمەش بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی.
 
 
لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌ ئه‌نجامدانى چالاكييه‌كانى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتيى ئاشوورى له‌ هه‌ولێر، سوپاسى كردوون كه‌ ساڵانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى كار و به‌رنامه‌كه‌ياندا، ژماره‌يه‌ك له‌ گه‌نجانى هه‌نده‌ران، بۆ سه‌ردان و ئاشنابوون به‌ وڵات‌ و كولتووره‌كه‌يان ده‌هێننه‌وه‌ كوردستان.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتى كرده‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان شانازى به‌ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان، يه‌كترقبووڵكردن و لێبوورده‌يى لەنێوان پێكهاته‌كاندا ده‌كات، هه‌ميشه‌ش پارێزه‌رى ماف و ئازادييه‌كانى هه‌مووان ده‌بێت.
 
خستنه‌ڕووى چه‌ندين ديد و سه‌رنجى جيا ده‌رباره‌ى ژيان و دۆخى پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.