ئیمپایەر تاوەرز لەبارەی کێشەی ئاسانسوارەکانی پرۆژەکە: هەموویان دەگۆڕدرێن
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی پرۆژەی ئیمپایەر تاوەرز لە سلێمانی گلەیی لە خراپی ئاسانسواری پرۆژەکە دەکەن و دەڵێن، مەرجی سەلامەتی تێدا نییە و لە کۆی 6 ئاسانسوار لە هەردوو تاوەری پرۆژەکەدا تەنیا دوو دانەیان کار دەکەن. لێپرسراوی خزمەتگوزاری پرۆژەکەش دەڵێت، گرێبەستکراوە هەر 6 ئاسانسواری پرۆژەکە دەگۆڕدرێن.
پەری ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی پرۆژەی ئیمپایەر تاوەرزە لە سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی گوت، پرۆژەی ئیمپایەر تاوەرز دوو تاوەری 35 نهۆمییە و هەر تاوەری سێ ئاسانسواری تێدایە، بەڵام ئێستا لەو تاوەری ئێمە تێیدا دەژین، تەنیا یەک ئاسانسواری کار دەکات و بەردەوام ئەویش کێشەی هەیە.
بەگوتە ئەو هاونیشتمانییە، چەندین جار دانیشتووانی پرۆژەکە سکاڵا و گلەیی خۆیان گەیاندووەتە بەشی خزمەتگوزاری پرۆژەکە، بەڵام کێشەکە هەر بەردەوامە و رۆژانە لەو باڵەخانە بەرزە کە 33 نهۆمە و هەر نهۆمی 5 شووقەی تێدایە واتا نزیکەی 165 شووقە چۆن دەتوانن تەنیا یەک ئاسانسوار بەکاربهێنن، کە لۆدێکی زۆری لەسەرە.
پەری باسی لەوەشکرد، ئەوان مانگانە 60 هەزار دینار وەکو پارەی خزمەتگوزاری[سکیوریتی، ئاسانسوار و ئاو] دەدەنە بەشی خزمەتگوزاری پرۆژەکە، کەچی دۆخی خزمەتگوزارییان بەو جۆرەیە و داواکارن لە لایەنی پەیوەندیدار کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت، چونکە لەناکاو ئاسانسوارەکان دەکوژێنەوە و مەترسیین بۆسەر ژیانمان.
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، "هەندێ جار ئاسانسوارەکان دەکوژێنەوە و کێشەیان هەیە، لە نهۆمێکەوە فڕێمان دەداتە نهۆمێکی دیکە، رۆژانە ئەم کێشەیە دووبارە دەبێتەوە."
زۆراب عەلی، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە ئیمپایەر تاوەرز لە سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، ئێمە 5 بۆ 6 مانگە خزمەتگوزاری ئەم پرۆژەیەمان وەرگرتووە، بەگوێرەی گرێبەست دەبوو لە سێ مانگدا ئاسانسوارەکان بگۆڕدرێت، ئێستا هاوردەکراون و لە رێگەن.
لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە ئیمپایەر تاوەرز لە سلێمانی گوتیشی، هەر 6 ئاسانسوارەکە دەگۆڕدرێن، ئێستا کە کۆمپانیای تایبەتمەند بەو کارە هاوردەی کردوون و لە بەندەری بەسرەیە، چاوەڕیی گەیشتنیانین، چونکە لە 24 و 25ـی ئەیلوول گەیشتوونەتە بەسرە، لە ماوەی 15رۆژ دەگاتە سلێمانی، گۆڕینی هەر ئاسانسوارێکیش بەگوێرەی کۆمپانیاکە 10 رۆژی پێویستە.
لەبارەی کوژانەوە و کەوتنی ئاسانسوارەکان، زۆراب عەلی گوتی، "ئاسانسوارەکان کێشەی کوژانەوەیان نییە بەو جۆرەی باس دەکرێت، ئەگەر بکوژێتەوە لە نهۆمی خۆی یان نزیکترن نهۆم دەوەستێت، هەروەها ئەوە دەڵێن بەردەبێتەوە، شتی وا نییە."