سوڵحی عەشایەری لەگەڵ خێزانی یەکێک لە کوژراوەکانی بەنزینخانەکەی هەولێر کرا

رووداو دیجیتاڵ

ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێوان کەسوکاری یەکێک لە قوربانییەکانی رووداوی بەنزیخانەکەی هەولێر و کەسوکاری بکوژ کرا، بڕیارە سبەیش سوڵحی یەکێکی دیکەیان بکرێت. نوێنەری وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر کە ئامادەی سوڵحەکە بوو رایگەیاند، سوڵحەکە بە 135 ملیۆن دینار کرا.
 
شەوی چوارشەممە، 06-08-2025، بەهۆی دەمەقاڵێ لەنێوان کارمەندێکی بەنزینخانەیەک، شۆفێر و سەرنشینێکی ئۆتۆمبێلێک لە هەولێر، سێ کەس کوژران؛ یەکێکیان کورد بوو و دووانیان عەرەب بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، هانی تەها، نوێنەری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر بڕیاری جەنابی وەزیر، لێژنەیەک بۆ سوڵحکردن لەگەڵ خێزانی کوژراوەکان پێکهێنرا. لە ماوەی رابردوودا دوو جار سەردانی بەغدامان کردووە. ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک عەشیرەت و پیاوماقووڵە کوردەکانی بەغدا، توانیمان لەگەڵ خێزانی حەموودی ریاز، یەکێک لە کوژراوە عەرەبەکان، سوڵحی عەشایەری بکەین".
 
بە گوتەی هانی تەها، سوڵحەکەی ئەمڕۆ بە بڕی 135 ملیۆن دینار کراوە. گوتیشی: "بڕیارە سبەی کاژێر 04:00ـی ئێوارە لەگەڵ خێزانی کوژراوە عەرەبەکەی دیکە کە ناوی عەبدوڵڵا عەدنانە، سوڵح بکەن. دوای گەڕانەوەش بۆ هەولێر، لەگەڵ خێزانی سەعد ئیسماعیل سوڵح دەکەن، کە هاونیشتمانییەکی کورد بوو و هیچ پەیوەندییەکی بە رووداوەکەوە نەبوو".
 
هانی تەها کە لە کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکەی ئەمڕۆدا ئامادەبوو گوتی، 7 کەس لە کەسوکاری بکوژ لە سوڵحەکەدا ئامادەبوون. گوتیشی: "ئەم سوڵحە بۆ لێخۆشبوون لە تاوانبار نییە، تاوانبار سزای یاساییی خۆی وەردەگرێت، بەڵکو تەنیا بۆ ئاشتکردنەوەی خێزانەکان و دروستنەبوونی کێشەیە لەنێوانیاندا".
 
دوای رووداوەکە، رۆژی 11-08-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پێشوازیی لە کەسوکاری کوژراوانی بەنزینخانەکەی هەولێر کرد. دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاند: "دڵنیامان کردوونەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندا مافی کەسوکاری قوربانییان دەپارێزێت".