نرخی زێڕ لە بەرزترین ئاستی مێژوودایە؛ یەک مسقاڵ 770 هەزار دیناری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو و بە 773 هەزار دینار دەفرۆشرێ.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 22 بە 810 هەزار دینار و عەیاری 18 بە 663 هەزار دینار دەفرۆشرێ".
ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان، ئۆنسەیەک زێڕ 3 هەزار و 805 دۆلاری تێپەڕاند.
دابەزینی بەهای دۆلار و چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی بە هۆکای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دادەنرێ.
پێنوێنیی دۆلار کە بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە دەپێوێ، ئەمڕۆ دووشەممە بە رێژەی 0.2٪ دابەزی، ئەوەش کڕینی زێڕی لە وڵاتانی دیکە کە بە دراوی نیشتمانیی خۆیان زێڕ دەکڕن، ئاسانتر کردووە.
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا رێگەی خۆشکردووە بۆ کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لە مانگی 10 و 12ـی ئەم ساڵدا."
ئەو شرۆڤەکارە گوتی: "هەستی بازرگانان لەسەر زێڕ ئەوەیە هێشتا نرخەکەی بەرزدەبێتەوە و ئاستی نوێ بۆ نرخی کانزای زەرد بەدەست دێ؛ نرخەکە هێندە بەرزبووەتەوە لێرە بەدواوە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە بە زێڕەوە بکرێت".