لە سلێمانی فرۆشی مافوور و کومبار سستە و بازاڕی مافورشۆرەکان گەرمە


رووداو دیجیتاڵ

سەرەتای ڤیدیۆکە بازاڕی فرۆشتنی کومبار و مافور لە سلێمانی دەبینن، ساڵانی رابردوو لەم وەرز و کاتەدا مافورفرۆشان گەرمترین بازاڕیان هەبوو، بەڵام ئەمساڵ  بازاڕێکی ساردوسڕ و کزیان هەیە. لە بەرامبەردا خەڵک زیاتر مافورە کۆنەکانیان دەشۆن و بەکاریان دەهێننەوە.
 
قاسم ئیسماعیل، هاونیشتمانییەکی سلێمانییە و چووەتە فرۆشگەیەکی مافور و کومبار، بە رووداوی گوت، "من بەدوای فەرشێکدا دەگەڕێم کە لەرووی نرخەوە هەرزان بێت و کوالێتییەکەیشی تا رادەیەک باش بێت و هەتاوەکو هەرزانتریش بێت باشترە".
 
بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی فرۆشی مافور و کومبار 60٪ کەمی کردووە و نرخەکانیش بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر دابەزیون.
 
شاهۆ جەبار، خاوەنی فرۆشگەی مافورە لە سلێمانی باسی لەوە کرد، هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا و لەم مانگەدا بەتەواوەتی بازاڕ قەرەباڵەخ دەبوو، خەڵکێکی زۆر دەهاتن بۆ کڕینی مافور و کومبار، بەڵام ئەمساڵ بەتەواوەتی بێبازاڕییە، کەس لە کڕینی مافور ناپرسێت وەکو ساڵانی رابردوو، "ئێستا خەڵکێکی زۆر مافورە کۆنەکانیان دەفرۆشنەوە بە مافوری تازە یاخود دەیبەن بۆ شووشتنگەکان و دەیشۆرن، تەنانەت زۆر کەس داوا لە ئێمە دەکەن کە مافوری دەستی دوویان بدەینێ".
 
قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە وای لە بەشێک لە هاونیشتمانیان کردووە لە جیاتی کڕینی مافوری نوێ، مافورەکانیان ببنە شووشتنگەکان و بە شووشتن روویەکی نوێ بە مافورەکانیان ببەخشن.
 
رووداو چووەتە یەکێک لە شووشتنگەکانی مافور، بەراورد بە ساڵی رابردوو کارەکانیان زیاتربووە و رۆژانە زیاتر لە 50 مافور و دەیان کومبار دەشۆرن و بۆ شووشتنی هەر مەترێک مافور، بڕی 1500 دینار وەردەگرن. ئەوەش چەندین جار لە کڕینی مافورێکی نوێ هەرزانترە.
 
ئەکبەر عوسمان، کارمەندی شووشتنگەی مافورە لە سلێمانی، باس لەوە دەکات، ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی خەڵک زۆر ناچنە فرۆشگەکانی مافور بەڵکو مافورەکانیان دەشۆن، "ئێمەش بە ئۆتۆمبێلی خۆمان دەچین لە ماڵەکانیان مافورەکانیان لێوەردەگرین و دەیهێنین دەیشۆین".
 
بەپێی ئامارێکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە بە بەهای 200 تاوەکو 250 ملیۆن دۆلار مافور و کومبار هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
شێخ عەتا محممەد، خۆی خاوەنی پێشانگەی فرۆشتنی مافورە، هاوکات جێگری سەرۆکی یەکێتیی هەناردە و هاوردەکارانی کوردستانە دەڵێت، "هەرچەندە زۆرینەی مافورەکان ئێرانین و نرخیان کەمە، بەڵام هێشتا گیرفانی هاونیشتمانیان دەرەقەتی ئەو نرخە کەمە نایەت و بۆیان ناکڕدرێت".
 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی هەناردە و هاوردەکارانی کوردستان بە رووداوی گوت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە خەڵکی خۆی لە قەرەی کڕینی پێداویستییە نوێکان نادات بۆ نێو ماڵەکە، تەنانەت وەکو پێشتریش ناتوانێت بە قیست بیدات، چونکە خاوەن فرۆشگەکانیش بە قیست کەلوپەل نافرۆشن، چونکە ئەوانیش کۆمپانیاکان داوای پارەی کاشیان لێدەکەن".
 
لە هەرێمی کوردستان دوو کارگەی بچوکی چنین و دروستکردنی مافور و کومبار هەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو کارگانە ناتوانن پێداویستیی نێوخۆ پڕبکەنەوە، ساڵانە پارەیەکی زۆری هەرێمی کوردستان دەچێتەوە دەرەوەی وڵات.