ژینگەی ورمێ: باڵندەی چێرگ مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە ناوچەی بۆکاندا تەنیا 30 باڵندەی چێرگ ماون و ئەم باڵندە ناوازەیە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە.
 
سەعید شەهەند، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رۆژی 28-10-2023 رایگەیاند، بەپێی دوایین سەرژمێری، ژمارەی چێرگەکانی ئەم پارێزگایە بەراورد بە ساڵی پار 30% زیادیان کردووە، ئێستا ژمارەیان لەنێوان 24 تاوەکو 30 چێرگ دایە.
 
هەرچەندە ژمارەی چێرگەکان زیادی کردووە، بەڵام بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ هۆشداریی لەنێوچوونی باڵندەکە دەدات.
 
حەسەن ئەکبەری، جێگری رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران رۆژی 24-10-2023 رایگەیاند، "هەرچەندە لە پارێزگای ورمێدا هەندێک هەوڵی باش بۆ پاراستنی چێرگ دراوە و لە پارێزگای سنەش دەبێت هەندێک بەرنامە بۆ پاراستنی چێرگ هەبێت."
 
چێرگ، گەورەترین باڵندەیە کە دەتوانێت بفڕێت، سەردەمێک ژمارەیان زۆر بووە، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی کەمیان لە دەشتەسووتاو لە نزیک شاری بۆکاندا ماون، ئەم باڵندەیە دەگەڕێت و دەچێتە ناوچەکانی سەقزیش.
 
چێرگ کۆمەڵێک مەترسیی لەسەرە، لەوانە زبڵی بۆکان، سەگی بەرەڵڵا، کشتوکاڵ و مەڕوماڵات؛ بەڵام حەسەن ئەکبەری، جێگری رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، دروستکردنی خانوو لە ناوچەی ژیانی چێرگدا، بە مەترسییەکی دیکە بۆ سەر ئەو باڵندەیە دەزانێت.
 
کۆمەڵێک لە چالاکڤانانی خەڵکی بۆکان رێکخراوێکی تایبەتیان بۆ پاراستنی چێرگ پێکهێناوە و هەوڵی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەدەن کە چێرگی لێ دەژی، یان زەوییان لە جووتیاران وەرگرتووە بۆئەوەی چێرگ تێیدا بژی.