نرخی مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە سەرەتای ئەم مانگە، کیلۆیەک مریشک زیاتر لە 17%ی نرخەکەی دابەزی؛ لە هەولێر کیلۆی 3100 دینارە و لە سلێمانیش 3000 دینار.
 
رۆژی یەکشەممە 29ی ئۆکتۆبەری 2023 بەشدار رەشۆ، مریشکفرۆش لە گەڕەکی هەولێری نوێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کیلۆیەک مریشک دەدەینە 3 هەزار و 100 دینار."
 
هاوکات کاروان مەحموود، فرۆشیاری مریشکی زیندوو لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی کیلۆیەک مریشک دابەزیوە بۆ 3000 دینار و دوو رۆژە بەو نرخە دەیفرۆشن.
 
دوو هەفتە لەمەوبەر کیلۆیەک مریشکی زیندوو 3750 دینار بوو. بەشدار رەشۆ گوتی، "هیچ شتێکی بەرچاو رووی نەداوە. ئەوەی هەیە، مریشک زۆرە. هەر کاتێک بەرهەم زۆر دەبێت، نرخ دادەبەزێت و بە پێچەوانەشەوە بەرز دەبێتەوە."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە، کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی سپی، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستی نێوخۆش زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
 
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
 
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە
- گەرمیان: 158 پەلەوەرخانە