25 ملیۆن فۆرم بۆ هەڵبژاردن ئامادەکراون؛ سێ ملیۆنیان یەدەگن
رووداو دیجیتاڵ
بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان، 25 ملیۆن فۆرمی دەنگدان ئامادەکراون، زیاتر لە 3 ملیۆنیان بۆ هەرێمی کوردستانە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەسەر بنکەکاندا دابەش بکرێن.
لە 20-10-2025، 123 پالێتی فۆرمی دەنگدان گەیشتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. زۆرترینیان نێردرابوو بۆ پارێزگای سلێمانی. کۆی فۆرمی گەیشتووی دەنگدان نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار فۆرم بوو.
رۆژی سێشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2025، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، 25 ملیۆن فۆرمی دەنگدان بە تایبەتمەندیی پارێزراوەوە ئامادە کراون، زیاتر لە 3 ملیۆنی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە."
لە 6ی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆن 1,500 قوتابخانە لە وەزارەتی پەروەردە وەردەگرێت، نەبەرد عومەر دەڵێ: "لەو رۆژەوە دەست بە گواستنەوەی کەلوپەلەکان دەکرێت و فۆرمەکانی دەنگدانیش بە گوێرەی پلان و هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردن، بەسەر بنکەکاندا دابەش دەکرێن."
زیاتر لە 21 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردن هەیە و زیاتر لە 3 ملیۆن کاخەزی یەدەگی دەنگدان ئامادە کراون.
فۆرمی دەنگدان لیستێکە ناو و لۆگۆی هەموو پارت و پاڵێوراوە سیاسییەکانی لەسەرە، دەنگدەر، پاڵێوراو و حیزبی دڵخوازی خۆی تێیدا هەڵدەبژێرێت. کۆمیسیۆن تاوەکو رۆژی دەنگدان، ئەو فۆرمانەی دەنگدان لای خۆی دەپارێزێت، پێش ئەوەی لە رۆژی دەنگداندا بەسەر دەنگدەراندا دابەش بکرێن.
فۆرمەکانی دەنگدان بەگوێرەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراون، کۆی گشتیی فۆرمە نێردراوەکانی دەنگدان بۆ هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 497 هەزار و 650 کاخەزن.
ژمارەی ئەو فۆرمانەی بۆ پارێزگاکان نێردراون:
- پارێزگای هەولێر: 1,257,650
- پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: 1,361,600
- پارێزگای دهۆک: 878,400
فۆرمەکانی دەنگدان بەپێی پێوەری تووندی ئەمنیی چاپ کراون و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە؛ لەوانە لەبەرنەگرتنەوە، نیشانەی ئەمنیی شاراوەیان لەسەرە و رەنگی جیاواز، تەنیا بە ئامێر و تاقیکردنەوەی تایبەت دەدۆزرێتەوە، کۆمیسیۆن دڵنیایی دەدات "ساختە و دەستکاری ناکرێن."
بە گوتەی نەبەرد عومەر، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان، فۆرمەکان کۆدەکرێنەوە و لە ئەرشیفی کۆمیسیۆندا هەڵدەگیرێن.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، دەنگدان بۆ هەڵبژاردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.