هەڵاوسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 2٪ لە ئاستی گشتیی ئێران بەرزترە

رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی ئاماری ئێران راپۆرتی هەڵاوسانی مانگی یەکەمی پاییزی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە و دەڵێ، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ گەیشتووەتە زیاتر لە 48٪ و هەڵاوسانیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 2٪ لە ئاستی گشتیی ئێران بەرزترە.
 
ناوەندی ئاماری ئێران دوای کۆتاییهاتنی هەر مانگێک هەڵاوسان بەپێی ساڵانە، خاڵ بە خاڵ (بەراوردی نرخی کەلوپەل، خۆراک و ... هاوشێوە) و مانگانە بڵاودەکاتەوە. 
 
ناوەندەکە رایگەیاندووە، لە مانگی رەزبەر (یەکەم مانگی پاییز) رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە 38.9٪، رێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵیش بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی پار گەیشتووەتە 48.6٪ و رێژەی هەڵاوسانی مانگانەش بەراورد بە مانگی کۆتایی هاوین 3.3٪ بەرزبووەتەوە.
 
لەکۆی پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان، رێژەی هەڵاوسانی گشتی لە چوار پارێزگا زیاترە لە ئاستی تێکڕای ئێران؛ هەڵاوسانی ساڵانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 2٪ بەرزترە لە ئاستی گشتیی ئێران و 40.9٪ـە. پارێزگاکانی ورمێ و ئیلام لە پلەی سێیەمی پارێزگاکانی ئێراندان لەرووی بەرزیی رێژەی هەڵاوسان. 
 
رێژەی هەڵاوسان لە پارێزگاکانی ورمێ و ئیلام 42.8٪، لە سنە 42.2٪، لە لوڕستان 40.9٪ و لە کرماشانیش 35.9٪ـە.
 
زیاترین رێژەی هەڵاوسان لە بەشی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان و خواردەمەنییەکان تۆمارکراوە. بەپێی راپۆرتەکە، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بەراورد بە مانگی یەکەمی پاییزی پار، رێژەی هەڵاوسانی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان 65.2٪ و خۆراک و خواردەمەنییەکان 64.3٪ بووە. نرخی خواردەمەنی و خواردنەوەکان لە مانگێکدا 6.4٪ بەرز بووەتەوە.
 
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بە واتای ئەوەیە، خەڵک بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستییەکانیان دەبێ بەپێی رێژەی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، پارەی زیاتر بدەن بۆ دابینکردنی خۆراک یان پێداویستی هاوشێوە لەنێوان دوو کاتی دیاریکراودا.