شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر سێ دۆسیەی دارایی و گومرگی لە بەغدان
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق سەبارەت بە سێ دۆسیەی گرنگی دارایی و گومرگی، گەیشتوونەتە شاری بەغدا.
دکتۆر سامی جەلال، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامی شاندەکە بە رووداوی راگەیاند، مەبەست لە سەردانەکە کۆبوونەوەی خولییە لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای حکومەتی عێراق، کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیران و بەرپرسانی گومرگ و باجی حکومەتی عێراقی لەخۆدەگرێت.
جگە لە سامی جەلال، هەر یەک لە کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج و داهاتەکان، لەگەڵ بەڕێوەبەری گومرگ و جێگرەکەی لە نێو شاندەکەدان.
راوێژکارەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا، ژمارەیەک ناکۆکی لەنێوان هەولێر بەغدا هەن، کە گرنگترینیان بریتین لەچۆنیەتی رێکخستنەوەی باجی گومرگی، بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و پرسی پێناسی گومرگی.
دکتۆر سامی جەلال گوتی، حکومەتی عێراق داوای بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیانە دەکات بەشێوەی ناوەندیی تەواو وەک دەوڵەتێکی ئیتیحادی، بەڵام هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور دەکاتەوە، بەپێی ئەو بڕیارانەی تێیدا هاتووە و پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ دەکات.
سیستمی ئەسیکۆدا یەكێکی دیکە لەو پرسانەیە کە راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ گوتی، گفتوگۆی لەسەر دەکەن، لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە تاوەکو 1ی تشرینی یەکەمی 2025 لە سەرانسەری وڵات کاری پێبکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات سیستمی گومرگیی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بمێنێتەوە و تەنیا ئاڵوگۆڕی زانیاری لەنێوانیاندا هەبێت.
شاندەکە شەوی رابردوو گەیشتوونەتە بەغدا و بڕیارە ئەمڕۆ، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لیژنە باڵاکەی حکومەتی فیدراڵی، بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.