لە لوڕستان دەست بەسەر 11 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، دەستیان بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەردا گرتووە، پەیوەست بە دۆسیەکەش کەسێکیان دەستگیرکردووە.
داریوش رەمەزانی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2025، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکاندا، لە شاری خوڕەمئاوا دەستیان بەسەر 11 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە.
هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گیرا، کە بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکارهێنراوە، کەسێکیش بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەکان دەستگیرکراوە.
پارێزگای لوڕستان بەهۆی هاوسنووربوونی لەگەڵ پێنج پارێزگای خوزستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، مەرکەزی، هەمەدان و ئیسفەهانی ئێران، هەروەها پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەکو ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بۆ دەرەوە و نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێندرێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی پۆلیسی نەهیشتنی مادە هۆشبەرەکانی لوڕستان، ساڵانە لە سنووری پارێزگاکە دەست بەسەر زیاتر لە 15 تۆن مادەی هۆشبەردا دەگیرێت.