سیروان بارزانی لەبارەی کێشەی کۆڕەک تیلیکۆم: چاوەڕێی بڕیاری سوودانین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان کۆمپانیاکە و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دەڵێت، ''هەموو شتێک تەواو بووە و دۆسیەکە نێردراوەتە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و چاوەڕوانی وەڵامین''. دەشڵێت، کێشەکە بە ''سیاسی'' کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-10-2025، سیروان بارزانی لەبارەی گرفتی کۆمپانیاکە لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''رێکارەکان هەموو تەواو بوون، لەلایەن ئەو لیژنەیەی بەڕێز سوودانی رایسپاردوو، دۆسیەکە نێردراوەتەوە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق.''
لیژنەکە مانگی تشرینی دووەمی 2023 بە مەبەستی سەرپەرشتیی گفتوگۆى نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق پێکهێنرا. بەگوتەی سیراون بارزانی، محەممەد شیاع سوودانی بەڵێنی داوە ئەمە دوایین جار بێت بۆ بەدواداچوون و کێشەکە چارەسەر بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم گوتی، ''کێشەی کۆڕەکیان لە کێشەی هەرێمی کوردستان گەورەتر کردووە. تەنانەت هەمووی تەواو بووە و لیژنەکە بڕیاری لەسەر دۆسیەکە دابوو، بەڵام سەرۆکی لیژنە گوتی کێشەکە ئەوەندە قووڵ و کۆنە، ناوێرم واژۆی لەسەر بکەم، بۆیە دەبێ بینێرمەوە بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران. ئێستا نزیکەی سێ هەفتەیە نێردراوە و ئێمەش چاوەڕوانی ئەنجامین.''
22ـی تشرینی یەکەمی 2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق راگەیێیندراوێکی لەبارەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمەوە بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو، "بە پشتبەستن بەو بڕیارانەی لە دادگە تایبەتمەندەکان دەرچووە، لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و ئەو بڕە پارەی لەسەر کۆمپانیاکە هەیە و تاوەکو ئێستا نەدراوە، دەستەکە فەرمانی دا بە راگرتنی کڕین و مامەڵەکردنی سیمکارتی نوێی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم و دواى 10 رۆژ لەو راگەیاندنەش پەیوەندییەکان لە نێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل راگیرا".
سیروان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، لیژنەکەی بەدواداچوون، گەیشتوونەتە دوایین بڕیار کە دەبێ کۆتایی بە بابەتەکە بهێنرێت و پەیوەندییەکانی نێوان کۆڕەک و کۆمپانیاکانی دیکە ئاسایی ببێتەوە، ''تەنانەت پێشتر دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقیش بە میدیاکانی گوتبوو لە ماوەی 24 کاژێری دیکەدا کێشەکان چارەسەر دەبن، بەڵام بەداخەوە ئەویش درۆ بوو.''
هەروەها 18ـی شوباتی 2025، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، دووبارە بڕیاری سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی راگەیاند، کە بریتییە لە راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت "بەهۆی پابەندنەبوونی بە پێدانی قەرزە کەڵەکەبووەکانی و بەردەوامبوونی لە سەرپێچیکردن، هەروەها بۆ هاندانی بۆ دانەوەی قەرزەکانی."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێت، راگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆڕەک و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل، هەروەها راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە عێراق ''ستەمێکی گەورە''یە و بابەتەکە بە ''سیاسی'' کراوە.
وەک سیروان بارزانی دەڵێت، ئەو کێشەیە لە شوێنەکانی دیکەی عێراق کاریگەری لەسەر ژمارەی هاوبەشانی کۆڕەک داناوە، بەڵام لە کوردستان هیچ کاریگەرییەکی نەبووە.
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ساڵی 2000 لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە و ساڵی 2007، بووە یەکێک لەو سێ کۆمپانیایەی مۆبایل کە مۆڵەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراق پێدراوە و زیاتر لە 7 ملیۆن بەشداربووی هەیە.