وەزارەتی دارایی کاتی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی ئاشکرا کرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 2ی تشرینی دووەمی 2025 مووچەی مانگی 8ی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، رۆژی یەکشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2025، مووچەی مانگی ئابی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
هاوکات هەمان رۆژ مووچەی مانگی ئاب و مووچەی مانگی شوباتی ساڵی 2025ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت، کە لەدوای 01-07-2024 بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
رۆژی 26-10-2025 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی بڵاوکردەوە، رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و بەپێی خشتەی دابەشکردنی لە سێ رۆژدا مووچەی ئەو مانگە بەسەر هەموو مووچەخۆراندا دابەش دەکرێت.