سەرۆکی پارتێکی کوردانی ئێزدی: با گەلی ئێمە دەنگ نەفەوتێنن و بەشداری کارای هەڵبژاردن بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتێکی کوردانی ئێزدی داوا لە خەڵک دەکات دەنگیان نەفەوتێنن و نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە شنگال هەڵبژێرن، دەڵێ" نیوە زیاتری" دەنگی کوردانی ئێزدی لە شنگال بۆ پارتی دەبێ، پارتی و یەکێتی زۆربەی دەنگی کوردانی ئێزدی لە شنگال و شێخان بەدەستدێنن.
 
حەیدەر شەشۆ، سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئێزدی و فەرماندەی هێزی ئێزدخان لە شنگال لەکاتی بەشداریکردنی لە نووڕۆژی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن لە شنگال وەکو شارەکانی دیکە ئارامە و بێ کێشەیە، پێشێلکاری هەیە بەڵام زۆر کەمە، هیواخوازین کەس گوشار نەخاتە سەر دەنگدەرانی کوردی ئێزدی لە شنگال و هیچ ئاستەنگێک بۆ دەنگدەران دروست نەکرێت".
 
هێشتا زیاتر لە 25 هەزار ماڵباتی کوردی ئێزدی لە شنگال لە ئاوارەییدا لە کەمپەکانی دهۆک و دەرەوەی کەمپ دەژین، بەشێکیان ناویان لە شنگال گەڕاوەتەوە، حەیدەر شەشۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانە بە "بارگرانی و زەحمەتی" بۆ کوردانی ئێزدی دادەنێ و دەڵێ :" ئەوان 11 ساڵە ئاوارەن و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، گەڕانەوەیان بۆ شنگال لە رۆژی دەنگدان زەحمەتییە و دەکەوێتە سەرشانیان، بەڵام با خەڵکی ئێمە دەنگ بدات و دەنگیان بە فیڕۆ نەچێ، دەنگ بدەنە ئەو بەربژێرانەی نوێنەرایەتیی راستەقینەی کوردی ئێزدی دەکەن.''
 
سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنێک هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دانانی قایمقام و یەکە کارگێڕییەکان، بەڵام جێبەجێ نەکراوە، حەیدەر شەشۆ دەڵێ: "بەداخەوە گەڕانەوەی خەڵکەکەمان کراوەتە دۆسیەیەکی سیاسی، کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە و گەلی ئێمە ئیرادەی لەدەستی خۆی نەماوە.''
 
" لایەنە کوردستانییەکان دۆخی کوردانی ئێزدی لەبەرچاوبگرن"
 
لە کۆی 9 کورسی کۆتا، تەنیا یەک کورسی بۆ کوردانی ئێزدین، پارتی دیموکراتی کوردستان بە 62 بەربژێر بە لیستێکی سەربەخۆ لە نەینەوا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات،  بەپێی زانیاری مەکتەبی رێکخستنی نەینەوای پارتی 8 بەربژێریان کوردی ئێزدین.
 
هیچ کام لە لیستە عەرەبییەکان کوردی ئێزدییان بەربژێر نەکردووە، تەنیا لیستە کوردییەکان بەربژێری ئێزدی هەن.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 31 بەربژێر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکدا لە بازنەی نەینەوا بەشداری هەڵبژاردن دەکات. 
 
ئاراس محەممەد ئاغا، لێپرسراوی مەڵبەندی 7ـی یەکێتی لە نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "11 بەربژێریان کوردی ئێزدین و لە دوای 2003ـەو بەردەوام بەربژێری ئێزدییان هەبووە".
 
هەروەها لە 7 بەربژێری نەوەی نوێ لە نەینەوا، یەکێکیان کوردی ئێزدییە
 
حەیدەر شەشۆ لەبارەی دەنگی کوردانی ئێزدی بۆ پارتەکان دەڵێ: "لە ساڵی 2003ـوە دەنگی خەڵک دابەش بووە بەسەر لیست و و پارتە گەورەکان، پارتی، نیوە زیاتری دەنگی خەڵکی شنگال لە شنگال و لەنێو ئاوارەکانی شنگال بەدەستدەهێنێت، دوای ئەویش یەکێتی بەشێکی دەنگەکان بەدەستدێنێت."
 
حەیدەر شەشۆ لەو بڕوایەدا نییە لیستەکانی دیکە بتوانن دەنگی کوردانی ئێزدی بەدەستبێنن و دەڵێ: "هاوپەیمانێتییەک هەیە بەناوی "هاوپەیمانی دۆسیەی ئێزدی" 31 بەربژێریان هەیە، واینابینین دەنگیان زۆر بێ، بەڵام ئەگەریش دەرچوون با کەسانێک بن کە نوێنەری خەڵك بێ و ببێتە بەشێک لە چارەسەر نەک بەشێك لە ئاستەنگ و رێگری.''
 
حەیدەر شەشۆ دانانی یەک کورسی بۆ کۆتای کوردانی ئێزدی بە "ستەم" دەزانێ و دەڵێ: "ستەم کراوە نوێنەرایەتیی کوردی ئێزدی لە کۆتا کەمە، هەروەها یەک بازنەییش ستەمە لە خەڵکی شنگال".
 
شەشۆ کە هاوکات فەرماندەیەکی پێشمەرگەشە داوا دەکات کوردانی ئێزدی بەشێوەیەکی کارا بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن و دەڵێ:"هیواخوازین هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە دەنگ بدەن، بۆ ئەوەی دەنگی خەڵکی ئێمە بە فیڕۆ نەچێ، ئەو لایەنەی خزمەتی خەڵک دەکات، دەنگی زیاتر خەڵک بەدەستدێنێت."
 
ئەو داوایەک ئاراستەی لایەنە کوردستانییەکان دەکات و دەڵێ: "هیواخوازم لایەنە کوردستانییەکان بتوانن شایستە و مافەکانی کوردی ئێزدی لەبەرچاوبگرن و هەوڵی بۆ بدەن و کۆتایی بە ئاوارەیی خەڵک بهێنرێت".
 
'ئیدارەیەک بۆ شنگال دابنرێت خزمەتی خەڵك بکات'
 
هەرچەندە سەرۆکی پارتەکەی کوردانی ئێزدی لەوباوەڕەدا نییە گۆڕانکاری گەورە دروست ببێ، بەڵام دەڵێ: "حکومەت و نوێنەرایەتی نوێی ناوچەکان و بەتایبەت شنگال، ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەن بە خەڵکی شنگالی دەدەن، کوردی ئێزدی مافەکانی پشتگوێنەخرێت".
 
حەیدەری شەشۆ داوایش دەکات: "حکومەتی داهاتووی عێراق بە بەرپرسیارێتییەوە کار بکات، دۆخی شنگال ئاسایی بکاتەوە و ئیدارەیەک بۆ شنگال دابنێن.''
 
سەرۆکی پارتەکەی کوردانی ئێزدی ئاماژە بەوەش دەدات: "داوادەکەین خەڵکی شنگال بێ دەنگ بێ و چیدیکەش قبووڵ ناکەین دۆخی شنگال بەمشێوەیە بمێنێتەوە، ناکرێت لەبەر ناکۆکی سیاسی ئیدارەی شارەکە دانەنرێت، دەبێ ئیدارەیەک هەبێ خزمەتی خەڵک بکات".
 
بە بڕوای حەیدەر شەشۆ، "ناکۆکی سیاسی رێگرە لەسەر دۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە، لەگەڵ ئەو لایەنانە کاردەکەین دۆخی خەڵکی شنگال لەبەرچاو دەگرن بۆ کۆتاییهێنان بە ئاوارەیی خەڵك لە شنگال و گەڕانەوەیان.''
 
بەرپرسەکەی کوردانی ئێزدی داوایەکیش ئاراستەی پەکەکە دەکات و دەڵێ: "پەکەکە شنگال و دۆخەکەی لەبەرچاو بگرێت، ناکرێت چیدیکە لایەنێك بڵێ پەکەکە لە شنگال نییە و لایەنێکی دیکە بڵێ لە ژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکەیە، ئەو هەنگاوانەی دەستیپێکردووە شنگالیش بگرێتەوە.'' 
 
لە بازنەی نەینەوا 37 لیست بە هەزار و 67 بەربژێر لە هەڵبژاردن بەشدارن و کێبڕکێی بەدەستهێنانی 34 کورسی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق دەکەن کە سێ کورسییان بۆ کۆتای پێکهاتەکانە. 
 
 لە کورسیی کۆتاکان زۆرترینیان بۆ کۆتای کریستیانە، کە 5 کورسییە، ئەوانی دیکەش وەکو کوردانی شەبەک، ئێزدی و فەیلی و سابیئەی مەندائی، هەر یەکێکیان کورسییەکیان لە پەرلەمان هەیە. کورسیی کۆتای ئێزدی لە موسڵ زۆرترین بەربژێر کێبڕکێی لەسەر دەکات، کە 7  بەربژێرن.