"هەر رێککەوتنێکی نەوتی لە رێگەی منەوە نەکرێ بەتاڵە"

رووداو- هەولێر

پسپۆڕێكی بوار نەوت رایدەگەیەنێت، نەوتی هەرێمی کوردستان بە تورکیا دەرنایەت و ناتوانێ دەستوەربداتە ناوی، ئەلتەرناتیڤی ئەمەش ئەوەیە کە لە نەوتی هەرێمی کوردستان هەڵەکراوە و دەبێ کارێكی باشتر بدۆزرێتەوە. دەشڵێت "من رێگاکەم پێیە و  هەر رێککەوتنێکی نەوتی لە رێگەی منەوە نەکرێ بەتاڵە".

سەردار پشدەری، پسپۆڕی بواری نەوت بەشداری بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی کرد و لە بارەی پرسی نەوت و گواستنەوەی لە رێی توركیاوە بۆ جیهان رایگەیاند "ئێمە وەکو کۆمەڵێک زانا و پسپۆڕ لەساڵی 1991 پرۆژەی ئابووری نەوتمان هێنایە کایەوە، کە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان بوو، نەک هەر تەنیا بۆ بەڕێکردنی ناردنی نەوتەکە بووبێت".

پشدەری  دەڵێت "ئەوانەی لە دەوروبەری مام جەلال و کاک مەسعود بوون ئەو پرۆژەیەی ئێمەیان بەلارێدا برد، ئەگەر نا لەساڵی 1991 دنیا لەگەڵ کورد بوو، بڕیاری ئەوەش درابوو ئەو نەوتە ناوبنرێ kurdoil و بەشی هەموو خەڵکی کوردستان وەکو یەک بێت".

ئەم پسپۆڕەی بواری نەوت پێیوایە، نەوتی کوردستان بە تورکیا دەرنایەت  و ناتوانێ تەداخولی تێدا بکات و دەستوەربداتە ناوی، ئەلتەرناتیڤی ئەمەش ئەوەیە کە لە نەوتی هەرێمی کوردستان هەڵەکراوە و دەبێ کارێكی باشتر بدۆزرێتەوە، "کە من پێم وایە رێگاکەم پێیە". ئەو  دەشڵێت "من گۆڵبەگیانی نەوتی کوردستان، هەر پەیمان و رێککەوتنێکی نەوتی لە رێگەی منەوە نەکرێ بەتاڵە، لەبەر ئەوەی من داڕێژەری پڕۆژەی نەوتی کوردستانم  و پشتیوانی و شەرعیەتی نێونەتەوەیی بەمنە".

سەردار پشدەری گوتیشی "من دەتوانم کۆمپانیای زۆر گەورەتر لە ئێکسۆن مۆبیل بهێنمە هەرێمی کوردستان، زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن پەیوەندییان لەگەڵ من هەیە، کۆمپانیای ئۆکسێدێنتاڵ ئەمریکا چرای سەوزی بۆ هەڵکرد کە بێتە هەرێـمی کوردستان".

پشدەری باسی ئەوە دەكات، لەکاتێکدا  بە بەرپرسەكانی هەرێمی كوردستانی گوتووە كە شەرعیەتی نێو دەوڵەتی و نامەی نەتەوەیەکگرتووەکانی پێیە لەبارەی پرسی نەوت، بەڵام لە گەڵ دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی1992، فواد مەعسوم و جەوهەر نامیق پێیان گوتووە نابێت باس نەوت بكات.