لە ئاسمانى هەسارەكاندا ئەڵماس، تێزاب و میتان دەبارێ

رووداو - هەولێر

لە ئاسمانی هەسارەی زەویدا بە بڕی جیاواز لەناوچەکاندا ساڵانە ئاو (باران، بەفر و تەزرە) دەبارێت، ئەم دیاردە لە زۆربەی هەسارەکانی دیکەدا هەیە، بەڵام ئاو نییە. لە هەسارەیەکدا ئەڵماس، هەسارەیەکی دیکە تێزاب و میتان یان بەفری سپی دەبارێت.
 
تەوەرێکی ئەم هەفتەیەی بەرنامەی (رووداو گالاکسی) لە رادیۆی رووداو، تایبەتبوو بە بارینی وەرزی لە هەسارەکانی دیکەی کۆمەڵەی خۆر. گەردوونناس و پێشکێشکاری بەرنامەکە ئەژی چەتۆ، چەندین زانیاریی گرنگی لەوبارەوەیەوە خستەڕوو. 
 
لە هەسارە گازییە زەبەلاحەكانى (موشتەرى، زوحەل و نیپتۆن)، بەهۆی بوونى لێدانى یەگجار زۆر بەهێزى برووسك كە دەگاتە ئاستى 10 لێدان لە یەك چركەدا، گەردیلەكانى گازى METHAN لەنێو بەرگە هەوایدا تێكدەشكێن و دەبێتە هۆی سەربەستبوونى كاربۆن، لەكاتى هاتنەخوارەوەى و تێپەڕبوونى بەنێو بەرگە هەواى یەگجار زۆر چڕى (زوحەل) دا ئەو كاربۆنە دەبێتە گرافیت و پاشان لەژێر گوشارى پاڵەپەستۆى مەزندا دەگۆڕێت بۆ دەنكۆڵەى زۆر وردى ئەڵماس بەتیرەى كەمتر لە 1 میلیمەتر و پاشان لەبەر كردارى لێكخشاندن لەگەڵ تەنۆچكەكانى بەرگەهەوا دووبارە شل دەبێتەوە و وەك بارانێكی ئەڵماسی شل دەبارێت.
 
ئەژی چەتۆ لەبارەی هەسارەکانى (زوهر، مەریخ و زوحەل)یشەوە گوتی: بەرگەهەوایەكی زۆر تەم و مژاوى و زۆر چڕى هەیە، پڕە لە (ترشی كبریتیك) كە ناوە گشتییەكەى (تێزاب)ـە، واتە پێویستە بارانى تێزاب لەسەر رووى ئەو هەسارەیەدا ببارێت، بەڵام لەبەرئەوەى پلەى گەرمیی رووەكەى دەگاتە 480 پلەى سیلیزیی، ئەو تێزاب بارانە ناگاتە رووەكەى و لە بەرزایی 25 كیۆمەتردا دەبێتە هەڵم. بەڵام هەسارەى (مەریخ) سەرەڕاى ئەوەى خاوەنى بەرگە هەوایەكى زۆر تەنكترە لە زەوى، كەشتى ئاسمانیی (MRO) چەندین بەڵگەى ئاشكراكرد لەسەر بارینی (بەفرى وشك) كە بریتییە لە (گازى دووانۆكسیدى كاربۆن) ى بەستوو لە ژێر 78 پلە لە ژێر سفرى سیلیزیی و كەوتن و كەڵەكەبوونى لەسەر روووى ئەو هەسارەیە وەك بەفرێكى سپی، بەڵام ئەو بەفرە ژەهراوییە و وەکو بەفری سەر زەویی نییە.
 
هەرچی (تایتان) ى گەورە پاشكۆی( زوحەل) ە، كە تاكە پاشكۆیەكە لەنێو سیستەمى خۆردا كە خاوەن بەرگە هەواى تایبەت بە خۆیەتى، بەڵام بەرگەهەواى (تایتان) پڕە لە گازى METHANE و هەورەها هەڵمی ئاویش، لەبەر نزمیی یەگجار زۆرى پلەى گەرمیی ئەو بەرگە هەواویەو گازەكانى نێوى، بارین لەوێ بریتییە لە شلەى METHANE نەك ئاو، كە دەبێتە هۆی دروستكردنى چەندەها دەریاچە، واتە دەریاچە ى پڕ لە METHANE ى شل، چونكە پلەى گەرمیی لەسەر رووى (تایتان) یەگجار زۆر نزمە و دەگاتە 179 پلە لەژێر سفرى سیلیزیی، بەڵام كاتێك پلەى گەرما كەمێك بەرز دەبێتەوە، ئەوا دەستبەجێ دەبێتەوە هەڵم و ئیدى وەك خولێكی بەردەوام بارانى METHANE ی لە ئاسمانى (تایتان) دا دەبارێ. 
 
دۆزینەوەی ماددەیەکی شێوە جەلاتینی نامۆ لەسەر رووی مانگ
 
دۆزینەوەی ماددەیەکی نوێ لەسەر رووی مانگ، تەوەرێکی دیکەی بەرنامەی رووداو گالاکسی بوو، ئەژی چەتۆ گوتی: ''گەڕۆكى شەش ویلى بچووكى ناسراو بە YUTU -2 سەر بە ئاژانسى بۆشاییگەریی (كۆمارى چین) كە ئێستا لە كەشتى نیشتووەوەى ناسراو بە  CHANG’E-4 دوور كەوتووەتەوە، لە ناوچەیەكدا كاردەكات كە ناسراوە بە (لاى دوورى مانگ)، ئەو لایەى كە هەرگیز ئێمە لەسەر زەویدا ناتوانین بیبینین. بەڵام ئەوەى بەم دواییە سەرنجی زانایانى بۆخۆی راكێشا بریتی بوو لە دۆزینەوەى مادەیەكى شێوە جەلاتینی لەسەر رووى مانگدا، كە ناچاریكردن تەواوى پلانى كاركردنى ئەو گەڕۆكە بووەستێنن و لەو مادە سەیرە نزیكى بكەنەوە. تیمی كۆنتڕۆڵكار لە Beijing Aerospace Control Center رایانگەیاندووە: بە سوود وەرگرتن لە كامێراكانى گەڕۆكەكە توانرا رێڕەوێكى شیاو لە نێو بەردێكى زۆر پەرش و بڵاوى ناوچەكەدا دەستنیشان بكرێت و پاشان لەو چاڵە نەیزەكییە بچووكەدا نزیك كەوتنەوە كە مادە شێوە جەلاتینییە رەنگاوڕەنگەكەى تێدا دەركەوتبوو، پاشان ئامێرى شیكەرەوەى شەبەنگی تیشكى ژێرەوەى سووریان بەكارهێنا بۆ زانینی پێكهاتەى كیمیایی ئەو مادە نامۆیە.
 
تا ئێستا پسپۆڕانى فەلەكناسی هیچ زانیارییەكى زیاتریان دەربارەى سرووشتى ئەو مادەیە بڵاو نەكردووەتەوە تەنها ئەوە نەبێت كە (لە جەلاتین دەچێ و خاوەن رەنگێكی نا ئاساییە)
 
دواى چوار ساڵ لە وێنەگرتنى، ئینجا بینرا! 
 
چوار ساڵ تێپەڕی بەسەر گەیشتنى مێژوویی كەشتى ئاسمانیی ئەورووپی (رۆزیتا) بە دەورى ناوكى كلكدارى ناودارى (67/P C.G) كە بەڕاستى بووە خاڵێكی وەرچەرخانى مێژوویی لە بوارى لێكۆڵینەوەى درێژخایەن دەربارەى ئەو تەنە ئاسمانییە سەرنجڕاكێشانە، بەڵام تاوەکو ئێستا عەمبارێكی زۆرى داتاى زانستى و گرتەى وێنەیی ماون شیبكرێنەوە  بۆ دەستكەوتنى زانیارى زیاتر. 
 
یەكێک لەو دۆزینەوانەى كە بەم دواییە لەلایەن تیمێك لە فەلەکناسانەوە هاتەدى، بریتی بوو لە بینینی بۆیەكەمجارى (پاشكۆ) یەكى زۆر بچووك كە بە دەورى ناوكى ئەو كلكدارەوە دەخولایەوەو بووە مایەى سەرسوڕمانیان!
 
لە میانەى دەرهێنان و شیكردنەوەى بەشێك لە ئەرشیفی وێنەكان لەلایەن وێنەگرى فەلەكناسیی ئیسپانى (جاسنت رۆجەر) ەوە كە لە 21-10-2015 لەڕێگەى كامێراى (OSIRIS)ـەوە وەرگیرابوون، تەنێكی ئاسمانیی بچووك دەركەوت كە بە دەورى ناوكى كلكدارى (67/P C.G) دا دەخولایەوە لەوكاتەى كەشتی (رۆزیتا) لە دووریی 400 كیلۆمەتر بوو لە ناوكى كلكدارەكەوە. ئێستا تیمی پسپۆڕانى ئاژانسی بۆشاییگەرى ئەوروپی (ESA) بە وردیی لێكۆڵینەوە دەربارە ئەو وێنانە دەكەن تاوەکو بزانن سرووشتى ئەو تەنە چییە، پاشان لەلایەن فەلەكناسی لێكۆڵەر (مارین یاسیلی دیلابارا) ناونرا (Churymoon) كە دەركەوت تیرەكەى چوار مەتر دەبێت بە ئاستى نێوان 2.4 تاوەکو 3.9 لە ناوكى كلدارەكەوە دوورە. 
 
جێگەى ئاماژەیە، پسپۆڕانى فەلەكناسی لە ساڵى 2014ـەوە بە دواداچوونیان كردووە بۆ هەر هەموو لایەكانى ئەو كلكدارە بۆ دۆزینەوەى ئەو تەنانەى كە نزیكن لێی، بەڵام ئەوەى بەم دواییە لەنێو گرتەكاندا دەركەوتووە بە گەورەترین تەنى ئاسمانیی وەك پاشكۆ دادەنرێت كە بە دەورە كلكدارى ( چۆرمیۆرۆف – گاراسیمینكۆ) دا دەخولێتەوە.
 
بەرنامەی رووداو گالاکسی، بەرنامەیەکی زانستیی هەفتانەی رادیۆی رووداوە، کە لە زانستی هەسارەی زەوی و گەردوون دەکۆڵێتەوە و نوێترین هەواڵ و زانیارییەکان لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو.
 
رووداو گالاکسی رۆژانی هەینی کاژێر 14:30 خولەک لە رادیۆی رووداو لەلایەن گەردوونناس ئەژی چەتۆ-وە پێشکێشدەکرێت.