گەشتوگوزاری هەولێر: 30%ی هێزی کار نێوخۆیین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت، سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان ناچارکراون زمانی کوردی بکەنە زمانی یەکەم. هاوکات بۆ بەرزکردنەوەی هێزی کاری نێوخۆیی، بڕیاردراوە 75%ی ئەو کەسانەی لە کەرتی گەشتوگوزار کار دەکەن خەڵکی باشووری کوردستان بن.
رۆژی سێشەممە 29-11-2022، نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری رەخساندنی زیاتری هەلیکار لە كەرتی گەشتیاری کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەگوێرەی بڕیارەکە، پێویستە 75%ی دەستی کار نێوخۆیی بێت، بەڵام وەک قۆناخی یەکەم سەرەتا 30%ی جێبەجێ دەکرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر گوتیشی، بەکارهێنانی زمانی کوردی لە شوێنە گەشتیارییەکان کراوەتە مەرج و پێویستە لە لیستی خواردن و تابلۆ و نووسراوی هەموو شوێنە گەشتیارییەکان زمانی کوردی زمانی یەکەم بێت.
هەر ئەمڕۆ، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی دوو بڕیار هەلیکاری زیاتر بۆ هاونیشتمانییان دابین دەکات و زمانی کوردیش دەکاتە زمانی یەکەم و سەرەکی شوێنە گەشتیارییەکان.
ئەمەل جەلال گوتیشی، بڕیاری یەکەم تایبەتە بە زیاترکردنی رەخساندنی هەلیکاری نێوخۆیی لە كەرتی گەشتیاری بۆ 75% و بڕیاری دووەمیش چەسپاندنى زمانی کوردییە لە شوێنە گەشتیارییەکان و ناچارکردنى فەرمانبەرانی ئەم کەرتە بۆ فێربوونى زمانى کوردییە.
لە مانگی ئابی رابردوودا، دەستەی گشتیی گەشتوگوزار زمانی کوردی کرد بە زمانی یەکەم و سەرەکی سەر تابلۆکان و بڕیاردرا ئەو شوێنانەی زمانی کوردی بەکارناهێنن ئاگادار بکرێنەوە دواتر بۆ جاری دووەم ئەگەر جێبەجێیان نەکرد بۆ ماوەی حەوت رۆژ دادەخرێن و بۆ جاری سێیەمیش مۆڵەتیان لێ وەردەگیرێتەوە.