تەرمی کۆچبەرێک لە ئیتاڵیاوە گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
دوای 17 مانگ لە گیانلەدەستدانی، تەرمی گەنجێکی کورد گەڕێندرایەوە رانیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی. گەنجەکە بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا گیانی لەدەستدابوو و باوکی دەڵێ، لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەڕێندراوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 29-11-2025، تەرمی هەردی کارۆخ، ئەو گەنجە تەمەن 16 ساڵانەی حوزەیرانی پار لە رێگەی ئەورووپا بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە خنکا، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرایەوە.
کارۆخ ئیسماعیل، باوکی هەردی بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''کوڕەکەی منیش هیوای ئەوەی هەبوو خۆی بگەیێنێتە ئەورووپا بۆ ئەوەی ژیانێکی باش بۆ خۆی و ئێمە دابین بکات، بەڵام بەداخەوە خودای گەورە دەرفەتی پێنەدا و بەلەمەکەیان لەنێوان یۆنان و ئیتاڵیا بە 76 کۆچبەرەوە نوقم بوو کە تەنیا 10ـیان رزگاریان بوو.''
کارۆخ ئیسماعیل زۆر بە شوێن تەرمی کوڕەکەیدا گەڕا و لە 20ـی نیسانی 2025 چووە ئیتاڵیا و ئەو نەخۆشخانەیەی دۆزییەوە کە پشکنینی DNAـی ئەو کەسانەی لێبوو کە 17-6-2024 خنکابوون. باوکی هەردی دەڵێ: ''لە رێگەی پشکنینی DNAـیەوە توانیم کوڕەکەم بدۆزمەوە.''
باوکی هەردی دەڵێ، دوای دۆزینەوەی گۆڕی کوڕەکەی، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا دەستیان بە هاوکاریکردنی کرد بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکەی.