دایک و کچێکی کوردی ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش رزگارکران
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، دایک و کچێکی کوردی ئێزدی لە تورکیا ئازاد کرد. پەیامنێری رووداو لە شنگال دەڵێ، "کاژێر 03:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ رادەستی کەسوکاریان کرانەوە".
رۆژی شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025، عەدلە بەکر، پەیامنێری رووداو رایگەیاند: "دوای ئەوەی ئەو دایک و کچە لە تورکیا رزگار کران، ئەمڕۆ نزیک کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆ رادەستی خێزان و کەسوکاریان کرانەوە."
پەیامنێری رووداو گوتیشی: "کەسوکاری ئەو دایک و کچە دانیشتووی گوندی حاتەمییەن لە شنگال و گەڕاونەتەوە بۆ ئەوێ."
هاوکات حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو دایک و کچە 12 رۆژ لەمەوبەر رزگار کرابوون و ئەمڕۆ رادەستی کەسوکاریان کرانەوە."
سوعاد خەلەف و کچەکەی کە تەمەنی 11 ساڵە، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا لە شنگال رادەستی کەسوکاریان کرانەوە.
دوای 11 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان لە شنگال و دەوروبەری، بەگوێرەی دوایین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 2500 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن و دەیان هەزاریشیان کۆچبەر و ئاوارەن.
بەگوێرەی ئامارەکە، "تاوەکو ئەمڕۆ 325 هەزار و 197 کوردی ئێزدی لە کەمپەکان یان ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستاندان. هەروەها ژمارەی ئاوارە ئێزدییەکان کە ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن 135 هەزار و 860 کەسن".
لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 03ـی ئابی 2014، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، سێ هەزار و 548 نێر و دوو هەزار و 869 مێ.
لە ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دا هاتووە: "ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ رزگارکراون 3 هەزار و 592 کەسن؛ هەزار و 212 ژن و 339 پیاو؛ هەزار و 77 کچی منداڵ و 964 کوڕی منداڵ".