مەسرور بارزانی: لەگەڵ دانە گاز رێککەوتووین بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا لە چەند کاژێری داهاتوو دا

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەگەڵ کۆمپانیای دانە گاز گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا لە چەند کاژێری داهاتوودا.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە، 29-11-2025 رایگەیاند، هێرشەکە نابێت "بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕێت و نابێت هێرشەکان ببنە رووداوی ئاسایی".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "دیار بوو دووژمن و ناحەزان و بەکرێگیراوەکانیان چاویان بە پێشکەوتنی کوردستان و ئاسوودەبوونی خەڵک هەڵنایەت و بە شێوەیەکی ترسنۆکانە و نامەردانە، ئەم هێرشەیان کرد و دژی رووناکی وەستانەوە و هەوڵیان دا تاریکی بگەڕێننەوە".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆمپانیای دانە گازی دڵنیاکردووەتەوە لەوەی، لەگەڵ حکومەتی عێراق "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکان و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی لە داهاتوودا".
 
مەسرور بارزانی دەشڵێت، لە هەمان کاتدا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کار دەکەن بۆ دابینکردنی "پێداویستییەکانی پاراستنی گەلەکەمان و ژێرخانی ئابووری و وەبەرهێنانمان".
 
مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، 27ـی ئەم مانگە بە تەلەفۆن باسیان لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر کرد. 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ سوودانی "باسمان کردووە کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە هەر لایەن و گرووپێک بن و لە هەر کوێ بن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و رادەستی یاسا بکرێن".
 
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، شەوی 26ـی ئەم مانگە هێرشی کرایە سەر و بەرهەمهێنانی گاز وەستا. 
 
وەزارەتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهێناوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 72 کاژێردا ئەنجامە سەرەتاییەکان رابگەیێنن. هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
 
لە ساڵانی رابردوودا دەیان جار ژێرخانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج؛ بەرپرسانی کورد هێرشەکان دەخەنە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی.