وەزیری پەروەردە: هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی بڕیار لە کردنەوەی قوتابخانەکان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان رایگەیاند، هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەبێتە بڕیاری کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕوووبوونەوەی کۆرۆنا، "ئەگەر پێویست بەوە بکات دۆخەکە درێژتربکرێتەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت کە هێشتا قوتابخانەکان نەکرێنەوە، بەتایبەت ئێستا ئێمە لە حاڵەتی چاودێریکردنی جۆرێکی دیکەی کۆرۆناین کە تاوەکو چەند بۆ ناوەندەکانی خوێندن کاریگەریی هەیە."
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەڵەبجە لەبارەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان کە لە مانگی 11ـەوە داخراون کرد و رایگەیاند "رۆژی 1-11 بڕیاری داخستنی ناوەندەکانی خوێندن درا و تاوەکو ئێستاش تووشبووی کۆرۆنا هەیە، لەبەرئەوە بەبێ قسەی وەزارەتی تەندروستی جارێ ناتوانین بڕیار لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەکان بدەین. وەزارەتی تەندروستیش خۆی هەڵسەنگاندنەکان دەداتە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و دواتر بڕیار لەبارەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەدات."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئەگەر هاتوو خوێندن دواکەوت ئەوان چی دەکەن؟ لە وەڵامدا گوتی "ئەگەر کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا بڕیاری درا کە دەرگای قوتابخانەکان بەشێوەی قۆناخ قۆناخ و بەشێوەی تەناوب بکرێتەوە ئەوا دەستپێدەکەین، ئەگەر بڕیاری دواخستنیش درا بەرنامەی خۆمان دادەڕێژینەوە."
سەبارەت بە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەی بودجەی ساڵی 2021 کردووە، بەڵام بابەتی مووچە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی لەسەر دەکرێت و پەیوەندیدارە بە وەزارەتی دارایی.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشدا، کە تەندروستی و ژیانی مامۆستایان و قوتابیان بۆ ئەوان لە پێش هەموو شتێکەوەیە و تاوەکو کۆرۆناش هەبێت و دۆخەکە جێگیر بێت ناتوانن بڕیار لە کردنەوەی قوتابخانەکان بدەن "بەڵام دیارە کە ئێستا تروسکاییەک هەیە و ڤاکسینی کۆرۆنا هەیە و ئومێد دەکەین دۆخەکە باشتر بێت، وەزارەتی تەندروستیش چی بێت ئێمە ئەوە جێبەجێ دەکەین."
رۆژی 1-12-2020، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە و بڕیاریدا: دەوامی قۆناخەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تاوەکو رۆژی 07-01-2021 رابگیرێت و سەر لەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
هەروەها قۆناخی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی دەتوانن تاوەکو کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن.
سەبارەت بە قۆناخەکانی سێ بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی، بڕیاردرا کە بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام بن. هەروەها تاوەکو رۆژی 07-01-2021 و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی، سەردانکردنی بە گرووپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان راگیراوە.