لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا خوێندن تاوەکو 7-1 رابگیرێت

01-12-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن خوێندن دەستپێکردنەوەی خوێندن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە و بڕیاریدا دەستپێکردنەوەی خوێندن لەنێو قوتابخانەکان تاوەکو 7ـی کانوونی دووەم رابگیرێت و خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکانیش بە شێوەی ئاوێتە بەردەوام دەبێت.

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 7-1-2021 دووبارە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە دۆخی تەندروستی هەڵدەسەنگێنێتەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن بدەن. دەشڵێت، دەوامکردنی زانکۆ و پەیمانگەکان بە جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان دەبێت. 
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو پرسیاری لە گوتەبێژی حکومەت کرد کە ئایا راگرتنی خوێندن بۆ ئەو وادەیە مەترسی لەسەر فەوتاندنی خوێندنی ئەمساڵ دروست ناکات؟ جووتیار عادل گوتی، "وەزارەتی پەروەردە ئەو رێکار و پلانانەی پێویستە سەبارەت بە دۆخی خوێندن، خۆیان پلانی خۆیان بۆ داناوە و لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەیخەنەڕوو و بڕیاری لەبارەوە دەدەن". 

کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. تێیدا وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان راپۆرتی لەبارەی دۆخی تەندروستی پێشکەشکردووە. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەکە بڕیاریداوە "درێژە بە راگرتنی دەوامی سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکان بدات". 

لەبارەی رێکارەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێویستە رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بەردەوام بێت و تووندتر بکرێن". ئەوەش بەهۆی ئەوەی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەریخستووە کە کۆرۆنا هێشتا مەترسییە و لەژێر کۆنترۆڵدا نییە. 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان 97 هەزار کەسی تێپەڕاند، لەو ژمارەیە 60 هەزار و 688 کەسیان چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 196 کەسیش بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا پرسیاری دابەشکردنی مووچە لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، ئەو رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم نزیکانە کۆبوونەوە لەبارەی مووچە دەکات و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە دەدات. دەشڵێت "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرکاتێک بە گونجاوی زانی سەردانی بەغدا دەکات". 

لە جیهاندا سێ ڤاکسین لە قۆناخی کۆتایی نزیکبوونەتەوە و دوانیان داوای مۆڵەتی بەکارهێنان دەکەن، جوتیار عادل لەبارەی دابینکردنی ڤاکسین رایگەیاند، "کاری پێویست لەوبارەیەوە دەکەین". 

 

 
 
 
دەقی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا:
 
1. دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
 
2. قۆناغی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن.
 
3. قۆناغی 3 بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی - ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا رۆژی (2021/1/7) و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان رادەگیرێت.
 
4. ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.
 
5. دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
 
6. دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.
 
7. بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.
 
8. لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان تا رۆژی (2021/1/7) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.
 
9. بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی رێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا (2021/1/7) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت.
 
10. راسپاردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان (مزگەوت، کلێسە و هۆڵی بۆنەکان) بە مەبەستی پابەندکردنیان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
 
11. دووپاتکردنەوەی جێبەجێکردنی گشت بڕگەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (52) لە (2020/10/24).
 
ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی (2020/12/2) کاری پێدەکرێت، دوای ئەم ڕێکەوتە لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتووێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.
 
 
لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا
2020/12/1
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کافتریاکە دوای داخستنی. وێنە: رووداو

کافتریایەک لە عەنکاوە داخرا؛ "رێگە نەدراوە هاونیشتمانییەک بە جلی کوردییەوە بچێتە ژوورەوە"

کافتریایەک لە عەنکاوە بە فەرمانی پارێزگاری هەولێر داخرا و ئەو گەنجەش سکاڵای لەسەر کافتریاکە تۆمارکردبوو، ئەو رووداوە بۆ پەیامنێری رووداو دەگێڕێتەوە کە بووە هۆی داخستنی شوێنەکە. پارێزگاری هەولێر بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، هەتا دەرچوونی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، کافتێریاکە بە داخراوی دەمینێتەوە