بەشێک لە پڕۆژە گەشتیارییە زستانەییەکانی سۆران بەهۆی نەبوونی گەشتیار لە زستاندا دادەخرێن

 
رووداو - سۆران

بەشێک لە پرۆژە گەشتیارییەکان لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانی هەرێمی کوردستان، لەنێویاندا لە سنووری چۆمان، لەکاتی هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵە بەهۆی بێبازاڕییەوە دادەخرێن.
 
کاروان کەمال، خاوەنی پرۆژەی گەشتیاری دەڵێت، "بە هۆکاری ئەوەی کە مەسروفاتی غاز و گاز زۆر گران بووە، ناتوانین پرۆژەکە بەڕووی گەشتیاران بکەینەوە و ئەوەش هۆکارە کە پارەی وڵاتی ئێمە بچێتە دەرەوە و گەشتیار بیر لە وڵات و جێگەی دیکە بکاتەوە."
 
لە سنووری چۆمان چوار پرۆژەی دیکەی گەشتیاریی زستانە هەن، پرۆژەکان لە بەرزترین ناوچەی عێراق و باشووری کوردستانن، بەڵام کاتێک وەرزی پاییز دێت گەشتیاریان نییە و دادەخرێن.
 
ئەو پرۆژانەشی تێچووی زۆریان لێکراوە و بەردەوام بەڕووی گەشتیاراندا کراوەن، 10%ی ڤێلاکانیان پڕ نابن و ئەو پارەیەی لە میوانەکانیان دەستیان دەکەوێت، بەشی تێچووی رۆژانەیان ناکات.
 
ئیحسان قادر، گەشتیار ئاماژە بەوە دەکات، "لە سنووری عەرەبەکان بەراورد بە سنوورەکەی ئێمە [تێچووی گەشتیاری] هەرزانترە، ئەوان جوان دەزانن ئەو جیاوازیی نرخەی ئێرە و بەغدا و بەسرە زۆر جیان و دەبێت ئێمە کارێک بکەین نرخ لەگەڵ ئەوێ هاوتا بکەین و دڵنیام زەرەرمان نابێت و گەشتیار زۆر دەبێت."
 
لە سنوورەکە نزیکەی 3000 سەرینی خەوتن بۆ گەشتیاری زستانە هەیە، ژمارەیەک پرۆژەی گەشتیارییش لەژێر جێبەجێکردندان، حکومەت دەیەوێت بە هاوکاری لەگەڵ خاوەن پرۆژە گەشتیارییەکان هەوڵی راکێشانی زیاتری گەشتیاری زستانە بدات.
 
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت، "دەمانەوێت قەناعەت بە کۆمپانیاکان و گرووپە گەشتیارییەکان بێنین، ئەوانەی لە دەرەوە و ناوخۆ گەشتیار دێنن. هەوڵ دەدەین لانیکەم بیر لەوە بکرێتەوە کە هەموو شتێکی گەشتیاری لە ناوچەکە بەردەستن، بەتایبەت بۆ مانەوەی ئەم وەرزەی گەشتیار، بەلانی کەم دەتوانین هاندانی پێویست بۆ گەشتیار بکەین لە رێگەی خاوەن پرۆژە گەشتیارییەکان."
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، لە 10 مانگی ئەمساڵدا دوو ملیۆن و 468 هەزار و 138 گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.