یەكێتی مامۆستایان دوای راپۆرتێکی رووداو: لەسەر بەكارهێنانی ڤەیپ چاودێریی قوتابخانەكان بكرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای راپۆرتێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی فرۆشتنی ڤەیپ بە منداڵان و قوتابیان و گوتەی خاوەن دووکانێک کە دەڵێت، "مامۆستا هەیە ڤەیپ لە قوتابخانەکاندا دەفرۆشێت"، یەكێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، "چاوەڕێین لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوونی جیدی بۆ ئەم بابەتە بكەن و چاودێری تەواوی قوتابخانەكان بكرێت لەسەر بەكارهێنانی ڤەیپ".
لە بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداودا خاوەن دووکانێکی فرۆشتنی نێرگەلە و ڤەیپ گوتی، "چەندین مامۆستا هەن، دێنە ئێرە و ڤەیپ دەکڕن، دەیبەن لە قوتابخانە دەیفرۆشنەوە". لە کاردانەوەی راپۆرتەکەدا، ئەمڕۆ هەینی 29-12-2023، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، "لەسەر زاری دووكاندارێك تۆمەتێكی گەورە دەخاتە پاڵ مامۆستایان گوایە چەندین (مامۆستا هەن ڤەیپ دەكڕن و دەیبەن لە قوتابخانە دەیفرۆشنەوە). جگە لەمەش لەو راپۆرتەدا هاتووە كە خاوەنی ماركێتێك لە هەولێر ئاماژە بەوە دەكات كە (قوتابی هەن هەفتانە دێنە لام ڤەیپ دەكڕن و لە قوتابخانە دەیكێشن)".
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، "دەبێت بەدواداچوون و روونكردنەوەی تەواو بدرێت لەسەر ناوهێنانی مامۆستا و قوتابی و قوتابخانە بەم شێوەیە؛ تۆمەت خستنە پاڵ مامۆستا بەبێ بەڵگە كارێكی نەشیاوە؛ دەخوازین لە لایەنی پەیوەندیدار و حكومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە بەدواداچوونی جیدی بۆ ئەم بابەتە و راستی ئەو راپۆرتە بكەن".
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان هیوادارە دەزگاکانی راگەیاندن "بێ بەڵگە و لەسەر قسەی هەندێک خەڵك ناوی مامۆستا لەكەدار نەکەن".
لەو راگەیێندراوەدا یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، "چاوەڕێین لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوونی جیدی بۆ ئەم بابەتە بكەن و چاودێری تەواوی قوتابخانەكان بكرێت لەسەر بەكارهێنانی ڤەیپ، چونكە بەبێ یاسا بەكارهێنانی ڤەیب بۆ تەمەنی خوار 18 ساڵان قەدەخە كراوە".
راپۆرتەکەی رووداو کاردانەوەی لێکەوتەوە
دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە فرۆشتنی ڤەیپ و نەبوونی چاودێریی لەسەر فرۆشتنی بە منداڵان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ساڵی نوێوە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ڤەیپ دەستپێدەکەن و لە هەر دووکانێک ڤەیپ ببینین دەستی بەسەردادەگرن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی، داواکاری گشتی بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپی دەرکردووە و لە ساڵی نوێوە فرۆشتنی قەدەخە دەکرێت؛ بۆ ئەوەش سەرجەم شوێنەکانی فرۆشتنی ڤەیپ ئاگادار کراونەتەوە تاوەکو ساڵی نوێ هەموو ڤەیپەکان لەنێو ببەن".
رۆژی چوارشەممە، 28-12-2023، پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئەنجامی بەدواداچوونێکی بۆ فرۆشتنی ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو؛ بەگوێرەی ئەو کەسانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەیان کردووە، "بێ لێپرسینەوە لەوەی ڤەیپ بۆ تەمەنی ئەو گونجاو نییە" ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان بە منداڵان، مێرمنداڵان و قوتابییان دەفرۆشرێت.
لە راپۆرتەکەدا مێرمنداڵێک بە رووداوی گوت، ماوەی ساڵێکە و لە هاوڕێکانییەوە فێری ڤەیپکێشان بووە؛ گوتیشی، "لە مارکێت ڤەیپ هەیە و لە هەندێک شوێن کە تایبەتن بە نێرگەلە دەیکڕم. من بۆ خۆم زیاتر لەو شوێنانەی تایبەتن بە ڤەیپ و نێرگەلە، ڤەیپ دەکڕم. لە مارکێتیش دەیکڕم و ئاسان دەمدەنێ، پرسیارم لێناکەن و هەر بە ئاسایی دەمدەنێ".