بەهۆی داڕمانی بەشی چیایەک رێگەی گەڤەر - جۆلەمێرگ داخرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای بەفر و بارانی بەهێزی چەند رۆژەی زۆرینەی شارەکانی باکووری کوردستان، بەهۆی داڕمانی بەشێکی گرد و چیاکان و کەوتنە خوارەوەی تاوێرە بەرد، رێگەی نێوان گەڤەر-جۆلەمێرگ داخرا و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هەزاران ئۆتۆمبێل دروستبوو.
 
بەهۆی بارانی بەلێزمەی چەند رۆژی رابردووەوە، ئەمڕۆ هەینی 29-12-2023 بەشێکی چیایەک و چەند تاوێرە بەردێکی گەورە لەسەر رێگەیەکی سەرەکیی نێوان جۆلەمێرگ و گەڤەر کەوتنە خوارەوە و بە تەواوی رێگەیان داخست.
 
لە شوێنی رووداوەکە سەتان ئۆتۆمبێل وەستان لە چاوەڕوانی کردنەوەی رێگەکەدا، زۆرینەیان کە دەیانویست بچنە وان و جۆلەمێرگ ناچاربوون بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان لە گەڤەر.
 
بۆ کردنەوەی رێگەکە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان دەستپێکردووە؛ لە شوێنی رووداوەکەدا هێزەکانی جەندرمەش رێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتەبەر.