لەنێوان دهۆک و موسڵ بوومەلەرزەیەک روویدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە سنووری دهۆک هەست بە بوومەلەرزە کرا، بەڕێوەبەری بەشی بوومەلەرزە لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی دهۆک دەڵێت، بوومەلەرزەیەک لەنێوان دهۆک و موسڵ روویداوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 29-12-2023، چەند هاونیشتمانییەکی سنووری پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، بوومەلەرزە لە سنوورەکە روویداوە و هاونیشتمانیان هەستیان پێکردووە.
 
لەوبارەیەوە حەمید حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی بوومەلەرزە لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەقی بوومەلەرزەکە نێوان دهۆک و موسڵ بووە لە نزیک بەنداوی موسڵ؛ بەپلەی 2.2 پلەی رێختەر لە کاژێر 07:10ـی ئەم ئێوارەیە روویداوە و قوڵاییەکەی 24 کیلۆمەتر بووە".
 
حەمید حەسەن ئاماژەی بەوە کرد، هێزی بوومەلەرزەکە کەم بووە و ئەگەریش هەستی پێکرابێت زیاتر لە سنووری قەزای سێمێل هەستی پێکراوە.