21 کەس لە سیدەکان بێسەروشوێن بوون؛ 13ـیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەفربارینەوە، لە چیاکانی سنووری قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر، 21 کەس بێسەروشوێنن.
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە سۆران رایگەیاند، لە کوێستانی لۆلان لە قەزای سیدەکان، لە شەوی رابردووەوە 21 کەس بێسەروشوێن بوون؛ 13 کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و 8ـی دیکەیان خەڵکی باشووری کوردستانن. ئەمڕۆ دوای نزیکەی 8 کاژێر گەڕانی بەردەوامی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و کەسوکاریان، بەهۆی زۆریی بەفرەوە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەیان بێ ئەنجام بوون.
پەیامنێری رووداو گوتی، "هەواڵ هەبوو کە سەلامەتن، بەڵام لە ئێوارەی دوێنێوە هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسیان نازانرێت، چونکە ئەو کوێستانەی ئەوانی لێن، هیچ هێڵێکی پەیوەندیی لێ نییە و بەرگریی شارستانی و خێزانەکانیان نەیانتوانیوە پەیوەندییان پێوە بکەن و تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەک نییە."
شەپۆلێکی چڕی بەفربارین قەزای سیدەکانی گرتووەتەوە. ئەندام جەبار گوتی، "نزیکەی دوو مەتر بەفر باریوە و بەردەوامیشە. هەندێک زانیاریی نافەرمی پێیان گوتم کە لەو 13 کەسەی رۆژهەڵاتی کوردستان، 11 کەسیان گەیشتوونەتەوە نێو خێزانەکانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دووانیان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی فەرمی لەسەر ئەو بابەتە نییە و چارەنووسی ئەو 8 کەسەی دیکەش نادیارە."
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، بڕیارە ئەمڕۆ هەڵمەتێکی چڕی گەڕان لەلایەن بەرگریی شارستانیی سۆران، پۆلیس، ئاسایش، پێشمەرگە، قایمقامییەت، ئیدارەی ناوچەکە و کەسوکاری ئەو کەسانەوە بۆ دۆزینەوەیان دەستپێبکات.
موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 8 کەسی سنووری سیدەکان کە مەڕوماڵاتیان هەیە و چوونەتە چیاکانی سنوورەکە، چارەنووسیان نادیارە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گوتیشی، "نازانین لە بەفردا گیریان خواردووە یان چییان بەسەرهاتووە. ئەوەی هەیە دەتوانین بڵێین چارەنووسیان نادیارە".
دوو رۆژە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت.