لە ورمێ دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە 24 کاژێردا لە پارێزگای ورمێ، دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا و 14ـی دیکەش بریندار بوون. بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگاکە هۆشداری دەدات، بەهۆی بەفربارینەوە، تەنیا لەکاتی ''زۆر پێویست''ـدا هاتووچۆ بکرێ.
 
یەکێک لە رووداوەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 29-12-2025، لەسەر رێگەی ورمێ-مهابادی پارێزگای ورمێی ۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. حەمید مەحبوبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ 405 و بارهەڵگرێکی بچووک (وانێت) پێکیانداداوە.
 
بەگوتەی حەمید مەحبوبی، رووداوەکە لە نزیک سێڕیانی دارەلەک بووە و بەهۆیەوە حەوت کەس بریندار بوون کە دوای دەرهێنانەوەیان، گەیێندراونەتە نەخۆشخانەیەکی مهاباد.
 
هاوکات لەسەر رێگەی مهاباد-میاندواو، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری تۆندەر 90، وەرگەڕاوە. وەک بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە گوتی، دوو لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون.
 
وەک حەمید مەحبوبی دەڵێت، دوێنێ شەو لەسەر رێگەی بەندی ورمێ (جادە بەند)، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی فونیکس و پیژۆ پارس پێکیانداداوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگاکە ئەوەشی خستەڕوو، سێ کەسی دیکەش لە رووداوەکەدا بریندار بوون کە دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ورمێ کران.
 
هاوکات لەسەر رێگەی مهاباد-ورمێی پارێزگاکە بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی سەمەند و پیژۆ، کەسێک بریندار بوو. حەمید مەحبوبی هۆکاری پێکدادانەکەی بۆ لادان بۆ سایدی بەرامبەری یەکێک لە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان و خلیسکبوونی رێگەوبان گەڕاندەوە. 
 
بەیانیی یەکشەممەش، بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین و بەفربارینەوە، پاسێکی گەشتیاری لەسەر رێگەی ورمێ-مهاباد وەرگەڕا. بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 19 سەرنشین، تەنیا یەک کەس بریندار بوو.
 
حەمید مەحبوبی هۆشداری دەداتە شۆفێران، بەهۆی بەفر، سەرما و خلیسکبوونی رێگەوبانەکان، تەنیا لەکاتی ''زۆر پێویست''ـدا هاتووچۆ بکەن و بەبێ کەلوپەلی وەک زنجیری تایە، نەکەونە رێگە.
 
دوو رۆژە شەپۆلێکی بەفر و باران رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکە کردووە. حەمید مەحبوبی ئاماژەی بەوەش کرد، ''جیا لە رووداوەکانی هاتووچۆ، لانیکەم 377 کەس لە شوێنە جیاجیاکان لە بەفردا گیریان خواردبوو کە لەلایەن تیمەکانمانەوە رزگار کران.''