رێگەی کۆیە - راپەڕین و دەروازەی کێلێ هێشتا داخراون؛ لە سۆرانیش هۆشداری دەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوێنێوە، دەروازەی کێلێ، رێگەی کۆیە - راپەڕین و زینی وەرتێ داخراون و ئەمڕۆش ناکرێنەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆرانیش رایگەیاند: ''ئەمڕۆ مەترسیی زۆر لەسەر رێگەکان هەیە و هەمووی بەستوویەتی، داوا لە هاووڵاتییان دەکەم، هاتووچۆ نەکەن.''
 
رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''مەترسیی زۆر لەسەر رێگەکان هەیە، شەختەیان کردووە و ئێوارەش بەپێی پێشبینییەکان شەپۆلی بەفر بەهێز دەبێتەوە؛ بۆیە مەترسییەکان دوو هێندە دەبن، بەتایبەتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.''
 
بە گوتەی موقەدەم کاروان میراودەلی، رێگەی زینی وەرتێ داخراوە و مەترسیی زۆریش لەسەر رێگەکانی سیدەکان، باڵەکایەتی، حاجی ئۆمەران و گەلیی عەلی بەگ هەیە و گوتی: ''ئەگەر زۆر پێویست نەبێت هاتووچۆ مەکەن.''
 
دوێنێ بەهۆی بارانبارینەوە، بەشێک لە چیای هەیبەت سوڵتان لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر داڕما و رێگەکە داخرا.
 
تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە رووداوی گوت: ''لە بەیانیی کاژێر 08:00ـەوە، چەندین تیمی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی کۆیە، تیمێکی پارێزگای هەولێر و چەند تیمێکی دیکە خەریکی پاککردنەوەی رێگەکەن. چەندین تاشەبەردی زۆر گەورە کەوتوونەتە سەر شەقامەکە و هاتووچۆ نییە؛ چونکە جیا لە پاککردنەوەی رێگەکە، دەبێت تاشەبەردەکان بشکێندرێن، ئینجا لاببرێن.''
 
قایمقامی قەزای کۆیە گوتیشی: ''بە ئەگەرێکی زۆر ئەمڕۆ رێگەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە، چونکە کاری زۆری ماوە و شاخەکە بە بەرزیی 120 مەتر هاتووەتە خوارەوە و داڕماوە.''
 
ئەو رێگەیەی هەیبەت سوڵتان، وەکو رێگەی سەرەکیی نێوان قەزای کۆیە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و شاری سلێمانی بەکاردەهێندرێت.
 
بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر، بە رووداوی گوت: ''دوو تیم خەریکی راماڵینی دەروازەکەن لە بەفر، بەڵام بەفرێکی زۆری لێ باریوە؛ رەنگە تاوەکو ئێوارە تەواو نەبێت، بەڵام ئەگەر دووبارە بەفر ببارێتەوە، کە بەگوێرەی پێشبینییەکان وادەبێت، ئەوا رێگەکە ناکرێتەوە؛ چونکە بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکە بەفرێکی زۆر لێرە دەبارێت.''
 
لە شەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامە. شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت و دەگاتە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دهۆکیش.