بانکێکی ئەڵمانیا وەکو سیناریۆی فیلمی Money Heist بڕدرا

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند دزێکی "شارەزا"، بانکێکی شاری گێلزنکیرشنی رۆژئاوای ئەڵمانیایان بڕی. ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو ئەوەبوو کە کردەکە هاوشێوەی زنجیرە فیلمی بەناوبانگی ئیسپانیی Money Heist بوو.
 
دزەکان بە سمەک (دڕێل)ێکی تایبەت و دەگمەن لە ژێرزەمینەوە کۆنکرێتیان کون کردووە، کە دەگەیشتە ناو ژووری قاسەکان و دوای پڕکردنی کیسەکانیان لە پارە، هەڵاتوون.
 
رۆژی دووشەممە، پۆلیسی شاری گێلزنکیرشن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دزەکان سوودیان لە پشووی کریسمس و داخستنی بانک وەرگرتووە و بە سمەک ئەو دیوارەیان کون کردووە کە دەچێتەوە سەر ژووری قاسەکان."
 
دەشڵێت: "دزەکان پلانێکی تۆکمەیان داناوە و لەکاتی بەکارهێنانی سمەکەکەدا، ئاویان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بڵاوبوونەوەی تۆز و خۆڵ نەبێتە هۆی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە."
 
بانکەکە لقێکی شپارکاسەیە و یەکێکە لە بانکە بەناوبانگەکانی ئەڵمانیا. 
 
تۆماس نۆڤاسیک، گوتەبێژی پۆلیسی شارەکە، بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا دیار نییە چەند پارە لە بانکەکە دزراوە و تاوانبارانیش هەڵاتوون. پۆلیس داوای هاوکاریی لە خەڵک کردووە ئەگەر شتێکیان بینیوە، زانیارییان پێبدەن بۆ ئەوەی دزەکان بدۆزرێنەوە."
 
لە وێنەکاندا دەردەکەوێت، دزەکان لە ژێرزەمینەوە چوونەتە نێو بانکەکە و لەوێوە بە سمەک کۆنکرێتی دیوارەکەیان کونکردووە تاوەکو گەیشتوونەتە سەر ژووری قاسەکان.
 
شێوازی بەکارهێنانی دڕێڵەکە و کونکردنی دیوارەکان و خەزێنەی بانکەکە، نزیکە لە چیرۆکی زنجیرە فیلمی نێتفلێکس Money Heist کە بە هەمان شێواز بانک دەبڕن.