ئەو کەسانەی دوو شەو بوو لە سنووری سیدەکان گیریانخواردبوو، رزگارکران

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای دوو شەو مانەوەی 19 هاونیشتمانی لە ناوچە شاخاوییەکانی قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر لەنێو بەفر، ئەمڕۆ رزگار کران. قایمقامی سیدەکان دەڵێ: "هەموویان سەلامەتن".
 
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتا زانیارییەکان بەو جۆرە بوون کە 21 کەسن، بەڵام کە رزگارکران بۆمان روون بووەوە 19 کەسن".
 
قایمقامی سیدەکان گوتی: "11 کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و هەشتیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن. خۆم قسەم لەگەڵ کردن تەندروستیی هەموویان جێگیرە".
 
ئەوانەی رزگارکراون و خەڵکی هەرێمی کوردستانن ئەمانەن: تاجیر قادر، محەممەد عوسمان، مەتین ئەرشەد، ئاراس قادر، نیهاد حەمەئەمین، محەممەد غازی، پوشۆ ئیسماعیل و ئەحمەد قاسم.
 
تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئەو 11 هاونیشتمانییەی رۆژهەڵاتی کوردستان دیار نییە کە ئێستا رزگارکراون.